کابرایەکی خۆشناو گوێدرێژێک بار ئەکا لە ترێ و

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  528 بینین

کابرایەکی خۆشناو گوێدرێژێک بار ئەکا لە ترێ و ئەیباتە مەخموور بۆ فرۆشتن، ترێ ئەگۆڕێتەوە بە گەنم و بار دائەگرێ بۆ گەڕانەوە؛ گەنمەکە گران و قورس ئەبێ کەرەکە نایتوانێ، لەبەر ئەوە کەر لە شوێنی خۆی ناجووڵێ؛ کابرا، کەر بە بارەوە دائەگرێ بە لێدان؛ خەڵکەکەش لەوێ دانیشتوون، سەیر ئەکەن ئەم کابرایە زۆری دا لەم کەرە بەستەزمانە. ئەوانیش دێن تێروپڕ ئەدەن لە کابرا؛ هەندێ لە باری کەرەکە کەم ئەکەنەوە و ئەیدەن بە کۆڵی کابرا خۆیا، ئەڵێن: دە ئێستا بۆخۆت بڕۆ ملت بشکێنە. کەر کە بارەکەی تۆزێ سووک ئەبێتەوە ئیتر ئەڕوا، جا کابرا، کە لە گوندەکە دەرچوو سەری نابووە بناگوێی کەرەکە و پێی ئەوت: هەنووکە چ دەرێیت؟ وا لێرەش خزموو هەنە؟!