لە وڵاتی موکریانە پیاوێکی جۆڵا هەبوو؛ مام...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  540 بینین

لە وڵاتی موکریانە پیاوێکی جۆڵا هەبوو؛ «مام وەیس»ی ناو بوو. ئەم مام وەیسە گەلێ جاری وا هەبوو لە بەنەمەرەزی خۆی (واتە بەن لە خۆی)، ڕانکوچۆغەی بۆ خەڵک ئەکرد و پێیانی ئەفرۆشت. پیاوێکی تریش هەبوو «مام حەیدەر»ی ناو بوو؛ بزنە مەرەزیی چاکی هەبوو. ژنێکیش هەر لەو وڵاتەدا بوو پوورە «ئەسمەر» یان پێ ئەوت، تەشیڕێسیی ئەکرد، بەڵام تەشیڕێسیی چاک بوو. مام حەیدەر عومری هەشتا ساڵ بوو، پوورە ئەسمەر نەوەد، مام وەیسیش تەنگی بە سەد هەڵ چنیبوو!

هەر لەوێدا «حەمە بابەکر» ێک هەبوو، دەوڵەمەند و خاوەن جووت و گا بوو، هەموو ساڵێ سەپانی ڕائەگرت. لەو وڵاتەدا وەکوو نان ئەدەن بە سەپان، بەرگیشی ئەدەنێ. ئەم حەمەد بابەکرە سەپانێکی ڕاگرت، بڕیار ئەوە بوو ڕانکوچۆغەی بۆ بکا، بەڵام هەر بۆی نەئەکرد و هەر ئەیوت: با مام حەیدەر مەرەزە چاکەکەی ببڕێتەوە؛ ئەیبەم با پوورە ئەسمەر جوان بیڕێسێ. ئەو وەختە مام وەیس بەدڵ بیکا بە ڕانکوچۆغە. هەر بەم جۆرە سەپانەکەی لە بەهارەوە ئەخستە پاییز و لە پاییزەوە ئەیخستە بەهار! لە ئەنجەما سەپان وەڕز بوو وتی:

مەرەز، مەرەزیی مام حەیەر بێ،
تەشیڕێسەکەی پوورە ئەسمەر بێ،
جۆڵاکەی مام وەیس، سەرقنگ عەنتەر بێ؛
ئەم ڕەنگ و چۆغە قەت تەواو نابێ!