دوکتر عیزەددین گێڕایەوە وتی ڕەئووفی سەعەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  380 بینین

دوکتر عیزەددین گێڕایەوە وتی: ڕەئووفی سەعەی فەتاح بۆی گێڕامەوە وتی:

ئەوا لە بەسرەم، دنیا گەرمە بە نیوەڕوان ئەگەڕێمەوە بۆ میوانخانەکەم؛ بەڵام لەبەر ئەوە کە کەس نەبوو قسەی لەگەڵا بکەم، لەم ڕووەوە تۆزێ بێتاقەت بووم. ڕۆژێک سەیرم کرد وا کابرایەکی هەورامیی لەو ناوەدا خەریکی حەماڵی و شتەیە، ئەویش بە نیوەڕوان پەنا دیوارێک هەبوو، ئەچوو لەوێ ئەحەسایەوە، بەزەییم پیا هاتەوە بانگم کردە لای خۆم پێم وت: برام! هەموو ڕۆژێ بە نیوەڕوان وەرە لای من نیوەڕۆژی خۆت بکە، لەم سێبەری ژووری ئوتێلەدا بحەسێوە، ئاوی سارد بخۆرەوە کە دنیا بوو بە عەسر و فێنک داهات بچۆ بەلای کاسبی خۆتەوە؛ کابرا ئەمەی زۆر پێ خۆش بوو. هەموو ڕۆژێ لە قرچەی گەرمای نیوەڕۆدا ئەهات من چۆنم پێ وتبوو، بەو جۆرە ڕایئەبوارد.

ڕۆژێک زۆر گەرما بوو؛ من دەستم کرد بە دەردەدڵکردن کە ئەم گەرمایە چییە؟! ئەویش وتی: قوربان! ئەمە ئەم گەرمایە هی ئەوەیە کە وەختی خۆی خوای تەعالا ویستی جەحەنم لێرە دروست بکا - لەم شارە - هێنای لەپێشا «تون» ەکەی دروست کرد، لەپاشا ئەولیاکان و شێخی سراجەدین لێی کۆبوونەوە. عەرزیان کرد: بینایی چاوان! تۆ لێرە جەحەنم دروست ئەکەی؛ لەوانەیە عەرەبەکان تێکومەکانی بدەن و بە جارێ وێرانی بکەن، بێنە بیگوێزەرەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەویش کە ئەمەی گوێ لێ بوو لە ترسا بە خۆی و کەرەستەی جەحەنمەکەیەوە هەڵات، بەڵام تونکەی لەبەر شپرزەیی لێ بەجێما! جا ئێستا ئەم گەرمایە هی ئەوەیە! لەپاش چەند ڕۆژێک کابرا پێی وتم: قوربان! من بۆ چی هەموو ڕۆژێ بێم بۆ ئێرە؟ بۆم حساب بکە ڕۆژی چوار فەیسەڵی، حەفتە و حەفتە دێم پارەی هەموو حەفتەکەم بدەرێ ئیتر بۆچ هەموو ڕۆژێ بێم؟ ئەچم بۆخۆم کاسبییەک ئەکەم!

وتی: بە ڕاستی بیر و باوەڕی کابرام بە لاوە سەیر بوو؛ وتم: برا بۆ چی تۆ چی ئەکەی بۆ من؟ وایزانی گوێزی هەورامانم بۆ ئەژمێرێ! من وتم با لەوبەر هەتاوە نەمێنێتەوە، کە واتە خوات لەگەڵ.