شێخ مارفێکی زڵزڵەیی هەبوو لە سولەیمانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  419 بینین

شێخ مارفێکی زڵزڵەیی هەبوو لە سولەیمانی نووشتە و شتی ئەکرد بۆ نەخۆش. ئافرەتێک هەبوو، ئەویش پوورە «نەبات»ی ناو بوو، کوڕێکی جەحێڵی هەبوو زۆری خۆش ئەویست؛ ئەم کوڕە «تای» لێ هاتبوو، دایکی تووشی گەلێ هاتوچۆی لای شێخ و مەلا ببوو پێوە. لە ئاخر جارا ڕێی ئەکەوێتە لای شێخ مارفیش، پێی ئەڵێ: بە قوربانت بم، کوڕەکەم تایەکی قورسی لێ هاتووە؛ ئەبێ نووشتەیەکم بۆ بکەی بۆی. ئەویش نووشتەیەکی بەدڵی بۆ ئەکا و بۆی قەد ئەکا و ئەیداتێ. پێی ئەڵێ: پوورە نەبات! ئەم نووشتەیە لەناو ئاودا بشۆوە و ئاوەکەی بدەرێ بیخواتەوە، بەڵام هەر بۆ زیادەبڕشت، دوو سێ سڵپاتەشی بدەرێ بیخوا؛ بەهیممەتی شێخان چاک ئەبێتەوە!