شێخ محەمەدی شێخ جەلال بۆی گێڕامەوە وتی حەمە

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  393 بینین

شێخ محەمەدی شێخ جەلال بۆی گێڕامەوە وتی:

حەمە ڕەشید هەبوو، پۆلیس بوو. بە دەوریە ئەچێتە دێی فیکەدەرە لە قەرەداغ، لەوێ ئەچێتە ماڵێک، پیاو لە ماڵ نابێ، ژنەکە هەر خێرا هەڵ ئەسێ نان و چا و شت جێبەجێ ئەکا. خۆت ئەزانی داری دوابڕاوی قەرەداغ تەڕە، هەڵنابێ. ژنە هەر فووی لێ ئەکا و حەمەڕەشیدیش بە بەرگی پۆلیسییەوە دانیشتووە. ژنە ئەوەندە فوو ئەکا، بیلامانێ یەکێکی پیا دێنێ، منداڵەکەی خۆی لەتەنیشتیەوە ئەبێ؛ بەچەپۆک بەرئەبێتە سەروگوێلاکی منداڵیی بەستەزمان، ئەڵێ: باوانت شێوێ! حەیای عینسان ئەبەی، بەم ئیشەی، لە حەمەڕەشیدی ئەشارێتەوە.

پاش ئەوەی کە نان و چا پێ ئەگا و حەمەڕەشید نان ئەخوا؛ هەڵئەستێ بڕوا، لاق بەرز ئەکاتەوە تڕێکی ناقۆڵا ئەکەنێ و ئەویش بەرئەبێتە سەروپۆتەڵاکی منداڵەکە و دەست ئەکا بە لێدانی و ئەڵێ: مردووت مرێ، حەیای پیاو ئەبەی!

ژنەکە ئەڵێ: باوکم بۆچ لە منداڵەکەم ئەدەی؟! ئەمە لەباتی پیاوەتیمان کە تێر نان و چات خواردووە، ئاوا جەزامان ئەدەیت؟! حەمەڕەشیدیش ئەڵێ: بە خوا دایکم، من وام زانی هەرکەس لەم ماڵەدا بتڕێ؛ ئەبێ لەم منداڵە بدا!