پیاوێک هەبوو لە ئاکرێ پسمام عیسۆ یان پێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  526 بینین

پیاوێک هەبوو لە ئاکرێ «پسمام عیسۆ» یان پێ ئەوت؛ کەوتبووە ساڵەوە، لەوانە بوو پەکی بکەوێ، ژنێکی هەبوو «خاتوو زین». ئەم، لەو خراپتری بەسەر هاتبوو و لەگەڵ ئەوەشا بەتەواوی زاڵ ببوو بەسەر پسمام عیسۆدا، ئەو بیوتایا پیاز، ئەو ئەیوت سیر! مریشکێکی زۆر قەڵەویان هەبوو، پسمام عیسۆ مرخی لێ خۆش کردبوو، هەرچەند بهاتایەتە سەر؛ ئەوە کە بیوتایە خاتوو زین با سەری ببڕین، خاتوو زین بە دارێک ڕاوی ئەنا، ڕاوی پسمام عیسۆ! پسمام عیسۆیش هەر وەختەبوو سوێی بێتەوە.

ئەم پسمام عیسۆیە، ئامۆزایەکی هەبوو ئەویش وەکوو ئەم چووبووە ساڵەوە. ڕۆژێک چووە لای پێی وت: پسمام! ڕاستی من وەختە دڵم دەرچێ بۆ گۆشتی مریشک، مریشکێکی قەڵەومان هەیە؛ هەرچەند ئەکەم خاتوو زین نایەڵێ سەری ببڕین و منیش هەر ئەوە نییە سوێم ببێتەوە. ئەویش هەندێ ڕامان و پاشان وتی: تۆ بچۆ خۆت ئاڵۆز بکە، ئەویش دێت سەر ئەخاتە سەرت؛ هیچی پێ مەڵێ، لەپاش ئەوە کە زۆرت لەگەڵا خەریک ئەبێ، ئەمجا بڵێ: «بەڕاستی وانێکەکەم شکاوە»، ئەمە بڵێ و ئیتر لێی گەڕێ.

پسمام عیسۆ ئەچێتەوە ماڵەوە و دەست ئەکا بە عاجزی و خۆبادان و هاوار و ناڵەکردن، خاتوو زین دێت بە لایەوە ئەڵێ ئەوە چیتە؟ ئەمیش دەنگ ناکا و هەر هاوار ئەکا. خاتوو زین بێتاقەت ئەبێ، ئەڵێ: پیاوەکە بۆ دەنگ ناکەی؟! ئاخر قسە بکە بزانم چیتە؟ ئەڵێ: خاتوو زین لەقسە نایە و ناگوترێ؛ خاتوو زین شێرگرتر ئەبێ و زیاتر سەر ئەخاتە سەری، پسمام عیسۆ ئەڵێ: خاتوو زین واز بێنە تازە، ئیتر من ژیانم بۆ چییە؟ ئەڵێ: ئەیەڕۆ بۆ چی؟! ئەڵێ: خاتوو زین ئەوی ڕاستی بێ دەعباکەم شکاوە، تازە ئیتر مردنم باشترە.

خاتوو زین ئاگر ئەکەوێتە کەوڵی و ئەڵێ: بە قوربانت بم، تۆ نەخۆش نەبیت، دەردت بکەوێ لە من، بچمە لای کێ تا داودەرمانێکت بۆ دروست بکا؟ ئەڵێ: خاتوو زین، تازە هیچ داودەرمان نەماوە. خاتوو زین ئاگری جگەر هەڵی ئەگرێ و ئەچێ بۆلای مامی پسمام عیسۆ پێی ئەڵێ: لە دەورت گەڕێم عیسۆ نەخۆشە؛ بزانە نووشتەیە شتێکی بۆ ناکەی؟ ئەڵێ: نەخۆشییەکەی چییە؟ خاتوو زین لە ڕووی هەڵنایە بیڵێت، ئەنجاما لەبەر ئاگری جگەر هەر پێی ئەڵێت. ئەویش ئەڵێ: ئەمە ئاسانە؛ من لە کتێبا دیومە یەکی تووشی دەردی کێرشکان بوو، بە ڕۆنی مریشکێکی قەڵەو چەور بکرێ، جێگای خۆی ئەگرێتەوە، جا ئەگەر ئەتوانی مریشکێکی وای بۆ پەیدا کەیت چاری دێت؛ ئەگینا تازە لەدەست دەرەچووە! خاتوو زین ئەڵێ: مریشکێکی زۆر قەڵەومان هەیە هەر ئێستا ئەڕۆم سەری ئەبڕم. ئەویش ئەڵێ: ئاوەکەشی لەگەڵ برنجدا بۆ دروست بکە. ئەڵێ: چۆن نایکەم!

خاتوو زین خلەخل هەڕا ئەکاتەوە بۆ ماڵەوە خێرا مریشکەکە سەر ئەبڕێ و ڕۆنەکەی ئەگرێ و گورج ئەچێ دەرپێکە بە پسمام عیسۆ دائەکەنێ و ئەکەوێتە مشتوماڵکردنی خەنجەرەکەی. بەتەبیعەت شکاویی نامێنێ و سەر بەرز ئەکاتەوە و ئەکەوێتە نزگەرەکردن. خاتوو زین ئەڵێ: ئۆ یاڕەبی ڕزگار بێ پسمام بۆ دەرمانێ نواندت، بەڵام عیسۆ یۆ پیاوێکی خراپ بوویت؛ شتی وات لێ قەومابوو بۆ زوو دەنگت نەکرد؟! دە هەستە ئەوە ئاوەکەشم بە برنجەوە بۆ لێ ناویت بیخۆ. جارێکی تر وریا بە و ئاگاداریی خۆت بە با تووشی نەبیتەوە. پسمام عیسۆ ئیتر بە ئاواتی خۆی گەیشت.