مامۆستا مەلا ساڵحی کۆزەپانە لە هەولێر و شێخ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  729 بینین

مامۆستا مەلا ساڵحی کۆزەپانە لە هەولێر و شێخ بابە عەلیی تەکیەیی لە سولەیمانی لە مەلایەتی و لە قسەخۆشی و لە تەمەندرێژیدا شانیان ئەدا لە شانی یەک. لە سەردەمی مەلا ئەفەندی هەولێریدا بۆ ئەو فەقێیانە کە لە خزمەتی ئەودا لە مزگەوتەکەی ئەو ئەیانخوێند؛ هەر یەکە مانگێ دوانزە ڕووپیەی لە کیسەی خۆی بۆ بڕیبوونەوە. سامانیی مەلا ئەفەندیش وەکوو مەلایەتییەکەی هەر بەناوبانگ بوو. جارێک مەلا حەمەمین ناوێکی خۆشناوی لە گوندی «هەرتەل» ەوە دێ بۆ هەولێر بۆ ئەوە لە خزمەتی مەلا ئەفەندیدا بخوێنێ و مانگی دوانزە ڕووپیەش وەربگرێ. دامەزران لەلای ئەفەندی زۆر بە گران ئەکەوت چونکە تا شوێنی یەکێک خاڵی نەبوایە یەکێکی تر جێگای دانەئەمەزرا، ئەم مەلا حەمەمینەش ماوەیەکی زۆر بەمەوە خەریک بوو شوێنەکەی دەست نەدەکەوت. ڕۆژێک لەلای مەلا ساڵحی کۆزەپانکە دەردەدڵ ئەکا کە لەمێژە ئەیەوێ لای مەلا ئەفەندی دامەزرێ و کە چی هەر دانەمەزراوە، مەلا ساڵحیش ئەڵێ: ئەرێ بابە تۆ لە هەرتەل لۆ دەبزوێیت؟ دەرزەکەت لەوێ هەیە؛ هیچ نەبێ مانگی بایی دوانزە ڕووپیەش هەر کەران دەگێیت! ئیتر جگە لە نانەکەت.