کوڕێکی لاوی شۆخ و شەنگ کە تازە پێی نابووە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  567 بینین

کوڕێکی لاوی شۆخ و شەنگ کە تازە پێی نابووە بەهاری جوانیی، لەگەڵ پیاوێکی پیریی نوورانی کە لە خەزانی پیریدا سەرەتایەکی بوو بۆ ئەو پەڕی ئەو خەزانە، کەوتنە وتووێژ، کوڕەکە هات بە باڵای خۆی و جوانیدا وتی: بابە ڕۆژانی جوانی ئەو ڕۆژە کە ئێستا منی تێدام - بەهارێکە، کە هەر دەمارێکی لە ئاوازێک و هەر ڕەنگێکی لە سازێک لێ ئەدا. ئەو ڕۆژانەی کە بەسەر منا دێت، لەبەر ئەو هێزی جوانییەم، نە لە لافاوی بەخوڕ ئەپرنگێمەوە و نە لە تۆفی سەرمای بەگوڕ ئەسڵەمێمەوە. شەوانی ئەو جوانییە، ڕۆژانی کامەرانی، بە ڕۆژ لەگەڵ گوڵەنداماندا ژوان ئەگرم، بە شەو لەگەڵ دڵدارانا دەست لە ملان ئەبم، بە لووتەلاوە ئەچم بە لایانەوە، ئەوان بە غەمزە و نازی مەستانەوە دێن بە لامەوە. ترس وەکوو هرس لێم ئەترسێ و نایەت بە لامەوە، پەلاماری دڕندانە ئەدەم، لە وەخت و ناوەختا باڵ ئەگرمەوە بۆ نەهێشتنی ئەو شتانە کە ئاویی ڕوون لە ژیانی بوون لێڵ ئەکەن. ئەگەر خەم وەکوو تەم بێت بەسەرما، بە دڵی خۆشم و بە هەناسەی گەرمم ئەو خەم و تەمە وەکوو بەفری بەر ڕهێڵەی بەهار ئەتوێنمەوە، بە دڵما نایەت بیرکردنەوە لە ئاسۆی گوزەران، شەو سەر ئەکەمە سەر بەرد، بە ڕۆژ ئەگەڕێم لە شاخ و لە هەرد، بۆنی گوڵ ئەکەم لە باخ و گوڵزار، بە نەشئەی ئەدەم لە ئاوی ڕووبار، ئەخۆمەوە ئاو لە کانیی دیار، شێر بەرەو ڕووم بێت وەکوو پیر بەهێزی جوانیم ئەو شێر و پیرە وەکوو موو لە شێر دەر کەم بەوجۆرە دەریان ئەکەم، سەنگەر ئەدڕێنم، لەنگەر ئەڕووخێنم، ئاڵا ئەهەژێنم، دوژمن ئەترسێنم. نە ترسم لە شەوی زستانە، نە باکم بە تەوی پیرانە! لەم دەوری گەنجییەما بە ڕەنجی شان و گەنجی درەخشان لە ڕۆژی ڕووناکی ئەهێنمەوە دەست، پیاوەتی بەسەرەوە ئەکەم، مەردایەتی پێ ئەنوێنم، شەویی ئاهەنگی پێ ئەسپێرم، هیچ دڵم نایە کە ئەمە خەو ئەبینم، ئەمە قسەی پیرانە کە ئەڵێن: جوانیی، هەتاویی بن دیوارانە! نان ئەو نانە ئیمڕۆ لە خوانە، جوان ڕوومەتی ئەبێ بە هێلانە، نیگای نازداران چاوی ئەبێ بە جێگای دیمەنی گوڵزاران، دڵی بە باخچەی بەهەشتیی دڵداران.

ئەوەی پێی ئەڵێن خەم و پەژارە
بەلای جوانەوە گشت ئاوی پارە
هەر چاوی بڕیە ناوچاوی دۆستی
هومای ئارەزووی کەوتە سەربەستی
خۆی وا ئەبینێ شێر و پڵنگە
خاوەنی هەموو ئەسبابی جەنگە
سامانی دنیا ڕووبەڕووی کە بێت
خۆی لێ لا ئەدا هەر یاری پێ بێت
دنیا ڕۆژێکە، ئەویش جوانیی
خوا نەکا بڕوا، تۆ وا ئەزانی

ئەو گۆچانەی تۆ خۆتی پێ ئەگێڕیتەوە، من مامزی ساری پێ ئەهێنمەوە، نە ئەزانم بێخەوی چییە، نە ئەزانم برسییەتی بۆ کێیە! ئەگەڕێم بە باغا گوڵەوچن ئەکەم. ئەیگرم بە دەستم، ئەیبەم بۆ دۆستم بۆنی پێوە بکا بە بێنی درێژ؛ کە من سەیری کەم ئەبم گێژووێژ، بەڵام ئەو گێژییە دونیایەکە کە پەردەی قیامەت ئەدڕێ و ئاویی حەیات لە کێفی قافەوە دێنێت!

ئەمجا باوکی پیر دێتە قسە و ئەڵێ:

ڕۆڵەم! ڕاستە ڕۆژانی جوانیی خوانێکە و لە دیوەخانێکە، خوانیی نیازە لە دیوەخانی بێنیازە؛ بەڵام ئەو ڕۆژە وەکوو ئاویی پار هیچ نابێ دیار. پیری ئاخر سەرمایەی ژیانە، وا مەزانە سەرمایەیەکی بێسەرمایەیە، کاڵایەکی گرانبەهایە کە لە تەونی ڕەنگاوڕەنگی دنیا دروست بووە، لە شیلەی هەموو گوڵێکی مژیوە، لە ڕەنگی هەموو گوڵێکی بڕیوە، ئاوەنیاکەی تاقیکردنەوەیە، بەرەکەی پاڵاوتەی هەموو کارەساتێکە، لە برتەی ساردی و گەرمیی دنیادا قاڵ بۆتەوە لە ئاوازی هەموو سازێکی گوێی پڕ بۆتەوە، خۆی بووە بە وەجاخێک کە هەموو جۆرە نانێکی لەسەرە. کە چی ئارەزوو بکا، لەوەی ئەداتێ، پەندەکانی ئەو ڕێگای ڕووناکە بۆ ڕێبازی جوانان. بیریی، کانیاوێکە کە بە سەدەها جۆگەی لی هەڵگیراوە. داستانی زمان و کارەساتی دەوران، هەموو لەو ڕووی داوە! ئەوی پیر لە خشتی کاڵا ئەیبینی، جوان لەناو ئاوێنەشا بەتەواوی نایبینێ. ڕابەری پادشاهان، ئاوێژی ڕەوان، خەمڕەوێنیی ناو ماڵان، ئاسۆی بیری چاوکاڵان ئەو پیرەیە کە ڕەنگ ئەڕێژێ، خەت ئەکێشێ، لە ڕۆژی شەڕا، فەرماندارە، کەماندارە، دڵبێدارە، فیکری ئەو خەندەق ئەڕمێنێ، دوژمن ئەترسێنێ، ئاو سەرەوژوور ئەبا، تاو بە پشوو ئەبا!

ڕۆڵە! بەڵێ پیر مووی سپییە، بەڵام هەر ڕوستەمە و لە زاڵ ئەبێ، بەڵێ کافرە بەلای ڕوومەت گوڵانەوە، بەڵام ئیسلامە بەلای ڕۆشندڵانەوە. نەتبیستووە ئەو نازدارە کە ئەڵێ:

ناچم بەلای جوانەوە
خۆی لائەدا لە بانەوە
ئەچم بەلای میوانەوە
خۆم ئەخەمە لای پیران
لەدڵ ئەوا ئەبم جوان
قەدرزانە هەر زەمان!

پیر، ڕەنجی بە گەنجە؛ گەنجی خەزنەیە، دەستی تێری لەسەر سکی ماندووە، هەورازی بڕیوە، نشێوی بەجێ هێشتووە. کە دانەمای باری حەسانەوەی خست، لە دیوەخانا لە سەرەوە بەلای پادشاهان لەبەرەوەیە، عومری هەموو گەوهەرە، ڕازی هەموو جەوهەرە، مەل و قاڕ بەسەریەوە لەنگەر ئەخا بەدەوریەوە. ڕۆڵە! بەڵێ پیاوی پیر، بازووی بێهێزە، بەڵام بە بیر و هۆش بەهێزە، فیکری، موورووی ڕەش لە شەوی تاریکا ئەدۆزێتەوە، ئاوێنەی خەیاڵی، مرواریی بنی دەریا ئەبینێتەوە، پەلکەزێڕینەی ئێواران ئەبەستێ بە گزنگی هەتاویی بەیانیانەوە، ئەزانێ دووڕی زمڕووتی جوانیی کە لە کۆشیا بوو کەوت! با چاوی وقاریشی ببڕێتە سەر ئەرز، بەڵام زانایە بەوەی کە شتێک کەوت، تازە نایەتەوە دەست، بۆیە سەیری ئەرز ئەکا بۆ ئەوەی زەوی شەرمی لێ بکا.

شەرمە بۆ جوان، پێ بنێتە سەر ئەرز
چونکە تیایەتی سەدهەزار سەربەرز
پۆلی چاوکاڵان، دەستەی نازداران
بازووی پاڵەوان، ڕمەی شاسواران
بێدەنگ لەوێدان، بە کش و ماتی
سەریان ناوەتەوە، لەبەر نەهاتیی!

کوڕم! ئەو لاوەی کە وا پیر ئەبێ، ئەو ئەرزەی کە وتم؛ هەر بۆی شێت ئەبێ. ئەم دڵی گەرمە بۆی، ئەویش بەشەرمە، هەر یەک بۆ یەک دڵەکەی گەرمە، سپیی بەرگی مەلایکەیە، لەو بەرگە کەوتۆتە سەر ئەو کەسە کە مەلاکە ڕووی تێ ئەکا، هێزی جوانیی، پێزی پیرییە، زەمانی جوانیی، ڕێبازە بۆ پیری، هەرکەس بمێنێ ئەبێ ببینێ، بە پاچ و بێڵ تێی ئەکەوێ تا لە ڕۆژی پیریدا تێ ئەکەوێ! لە جوانیدا وامەزانە هەموو ڕۆژی هەر وایە، ئەبێ ئەوە بزانی کە ڕۆژانە، ڕۆژی لەدوایە!

پیریی ئەم دنیا، گەر ماڵی هەبێ
هەزاران گەنجی، لە دەرماڵ ئەبێ
ئەو گەنجەی کە وا، بێبەهرەی ماڵە
لە هەردوو بارا، دەستی بەتاڵە
تۆ ئەبی بە من، من نابم بە تۆ
دەستیی چاککاری، بەرمەدە و بڕۆ.