ژنێکی خەڵکی شارباژێر منداڵێکی هەبوو ئەیدا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  613 بینین

ژنێکی خەڵکی شارباژێر، منداڵێکی هەبوو. ئەیدا بە دەستیا و هەڵی ئەپەڕاند، بەدەمییەوە پێ ئەکەنی و ئەمانەی لای خوارەوەی هەڵ ئەدا و ئەیوت:

ماڵی باوکت ئاوایە
ئەوی چاوم ئاوایە
نایدەم بە مڵکی دنیا
ئەم کۆرپەیەم بەتەنیا
گەورەی ئەکەم بە دەستم
ئەیکەم بە مایەی دەستم
ئەیکەم بە پاڵەوانێ
کەس نەتوانێ بیڕوانێ
لە جوانیدا چرایە
شەوقی لێمان بەردایە
یووسف کە بێ بیبینێ
دڵی بەخۆی دەمێنێ
ئەو کچانەی لە شارن
وەک ئەستێرە دیارن
هەڕا ئەکەن بە دەستە
بۆی دێنن گوڵ بە بەستە
پۆلی کچانی لادێ
کە دێنەوە لەلا دێ
ئەو نێرگس و وەنەوشە
کە بۆی دێنن بە کۆشە
ئەیبارێنن بە سەریا
وەک ئاویی مەندی دەریا
ئەویان ئەڵێ هی منە
ئەمیان ئەڵێ بۆ منە
ئەمانە گشت بەم جۆرە
بۆی شێت ئەبن بەنۆرە
ئەم کۆرپەیەم نەمامە
هەم کۆرپە هەم برامە
خوایە عومری درێژ کەی
چاوی بەدیی لێ دوور کەی.