ئاغایەکی شەرەفبەیانی کارەکەرێکیان لە ماڵا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  433 بینین

ئاغایەکی شەرەفبەیانی، کارەکەرێکیان لە ماڵا ئەبێت؛ ڕۆژێک ئەم کارەکەرە نان بۆ ئاغا دێنێت، کەڵەشێرێکی سوورەوەکراو بەسەر برنجەکەوە ئەبێ بەڵام نە سەرەکەی لە گەڵایە نە قاچەکانی! ئاغا سا یا لەبەر ڕەزیلی ئەبێ یا لەبەر زمانپاراوی، ئەڵێ کوا سەر و قاچەکانی؟! ئەڵێ ئاغا فڕێم دان، ئەڵێ: قاچەکانی بۆ تۆ، بەڵام سەری چۆن فڕێ ئەدەی؟!

ئەگەر سەر نەبێ لاشە هیچ نییە، سەر ئەو سەرەیە کە لەشکر بەوەوە ڕائەوەستێ، سەر بۆ کەڵەشێر وەکوو شایە بۆ کەڵەمێر! ئەو سەرەی کە تۆ بە هیچی ئەزانی، جێگای بیرکردنەوەی عاشقان و ناوداران و پاڵەوانانە، سەر لە سەرەوەیە، بۆیە وا هەموودەم لەبەر ئەوەیە، خۆ سەری کەڵەشێر هەر قسەی لێوە ناکرێ! ئەو دەنگ و ئاوازەی کە لەو دەرئەچێ، ماڵ بە ئاگا دێنێ، دز ئەڕەتێنێ، نوێژی بەیانی ئەهێنێ، دەنگی عەرش ئەجوڵێنێ! چاوت لێ نییە لە چاوی کە ئەو ئەکەن بە وێنە بۆ شەرابی بێوێنە؟! ئەو چاوە جوانەی کە ئەیترووکێنێ وەک ئەستێرەیەک کە ئەجریوێنێ. کەسێ گورچیلەی بێتە دەرد و ژان، خواردنی مێشکی ئەو بۆی دێنێ دەرمان! خرپەی ددان لەبەر خرێنچکەی سەری، ئەڵێی ڕێواسە لە تۆ دوو دەری! دە هەستە بچۆ بیهێنە، دەست بە سکتا مەهێنە! دنیا کە سەری کەڵەشێر و چاوی کەڵەشێر و مێشکی کەڵەشێری تێدا نەبێ، وەکوو ئەو سەرایەیە کە شەرابی حەقیقی و بیری حەقیقی و تریاقی حەقیقی تێدا نەبێ! بە باڵ بڕۆ، وەکوو داڵ بڕۆ، خەمی بخۆ، خۆت لێی مەخۆ. بۆم بێنە زوو، ئەتدەم بە شوو، تەنکە ماڵت ئەبێ، دەردت نابێ، کوڕت ئەبێ، کچت نابێ!

کارەکەرەکەش وتی: بەڵێ ئاغا، دونیایە بەداخە بۆ ئەو کەڵەشێرە کە فەرمووی، ڕاستە سەر، سەرە؛ بیری عاشقان و ناوی ناوداران و جەرگی پاڵەوانان لە دڵایە نەک لە سەرا! دەنگی کەڵەشێر هەبێ و نەبێ، ڕۆژ هەر ئەبێتەوە، دەنگی منداڵ بۆ ماڵ گەلێک بەتینترە بۆ ڕەتانی دز و بۆ هەژانی دەنگی مەلایەکی عەرش، چاوی وەختێ وێنەیە کە وریا بێ، کە لێکی نا! بەڵێ! چاوی جوانە، بەڵام وەختێ جوانە کە کێردی ستەمی نەگاتێ، کە کێردی گەیشتێ، لەباتی جوانی، فرمێسکی تیا قەتیس ئەبێ، ڕەوایە بۆ گورچیلەیەک ئەو مێشکە بڕوا کە هەزار ئاواتی تێدایە؟!

ئاغام! خرێنچکەی، سەری ددان ئەڕزێنێ! ڕێواسی دەری بۆ کەوی دەری، با ئەو بیهێنێ بۆ ناو دوو دەری، شەرابی عەقیقی و بیری تریاقی عێراقی لو دونیای سەر و چاو مێشکی تەنگی کەڵەشێردا جێی نابێتەوە. خۆزگەی بە دوێنێ ئەو کەڵەشێرە، ناجوڵێ ئیمڕۆ کەوتووە لێرە!

ئاغام! بە باڵ ئەڕۆم، وەک داڵ ئەڕۆم، ئەمدەی بە شوو، ئەمکەی ڕەدوو، کوڕم ئەبێ، کچم نابێ، کەیفی تۆیە، با هەر وا بێ. ئەو جوانەمەرگە چاوی نوستووە، لاشەکەی لێرە ئەوا کەوتووە، سەری لە شای خامۆشان، کەوتووە لەناو بێهۆشان، نە سەر هەیە و نە قاچی ڕەش، نە ڕەنگ هەیە نە دەنگی خۆش.

ئاغا وتی: ئەترسم فڕێت دابێتەوە ناو سک! کارەکەرەکەش وتی:

ئەو سکە کە وا ئەوەی تیا نەبێ،
یاخوا هەر نەبێ، یاخوا هەر نەبێ!