هەتا پارە سەری لە عالەم تێکنەدابوو مەلاکان...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  433 بینین

هەتا پارە سەری لە عالەم تێکنەدابوو، مەلاکان کە دائەنیشتن، کۆڕی ئەدەبی ئەوان دەنگی دابۆوە.

جارێک لە سنە شێخ ئیمامی خەتیبی مزگەوتی دارولئیحسان، زیافەتێکی نانخواردن ئەکا بۆ شێخ حەبیبوڵڵاهی کاشتەری و مەلا محەمەدی ئەویهەنگی؛ لەپاش دانیشتن نان دێت، نانێکی باش، لەسەر نانەکەدا «ماسی» یەکیش دائەنێن، لە کاتی نانەکەدا شێخ حەبیبوڵڵا و مەلا محەمەد چاویان لێ ئەبێ ماسییەکی گەورەتر لەناو سینییەکە دایە و «ئەوڵێ»ی پیاوی شێخ ئیمام ئەیەوێ بیهێنێ بۆ ژووری نانخواردنەکە، کە چی نایهێنێ و ئەیگێڕێتەوە! ئیتر نەهێنانەکەی لەبەر چی بوو، ئەوە ئەوڵێ خۆی ئەیزانێ!

دەست ئەکەن بە نانخواردن و سەرە دێتە سەر ماسی؛ شێخ حەبیبوڵڵا بە مەلا محەمەد ئەڵێ: «فاصبر لحکم ربک و لاتکن کصاحب الحوت»، ئەرێ ئاغای مەلا محەمەد، بە ڕاست ئەو کارەساتی یونس پێغەمبەر و ماسییە چۆن بوو؟ ئەویش ئەڵێ: ئاغای شێخ حەبیبوڵڵا، ئەو کارەساتە لە کتێبی تەفسیردا هەیە؛ لەگەڵ ئەوەشا با هەر لەم ماسییە بپرسین باشترە! سەر ئەبا بەلای ماسییەکەوە، گوێ ئەنێ بەلای دەمیەوە و پاشان سەر بەرز ئەکاتەوە و ئەڵێ: ئاغای شێخ حەبیبوڵڵا لێم پرسی، وتی: ئەو زەمانە من بچووک بووم وەلێ ماسییەکی گەورەتر هەس کە ئەوڵێ بردییەوە، لەو بپرسە ئەو گشت خەوەرێکی لا هەس و پێت ئێژێت! شێخ ئیمام و ئەوان دەست ئەکەن بە پێکەنین و ئەڵێ: ئەوڵێ ئەمە چی بوو گێڕات؟!