مەحموود پاشا جارێک زۆری برسی ئەبێ دۆینەی بە

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  503 بینین

مەحموود پاشا جارێک زۆری برسی ئەبێ، دۆینەی بە دۆکوڵیوەوە بۆ دێنن، ئەیخوا، لەبەر ئەوە زۆری برسی ئەبێ زۆری لێ ئەخوا و بە لایەوە بەلەزەت ئەبێ.

پیاوێکی ئەبێ، «قادری سانەحەمەدی براحەمە»ی ناو ئەبێ، بە لایەوە ڕاوەستاوە، مەحموو پاشا بەدەم خواردنەکەوە هەر باسی خۆشی دۆینە بە دۆکڵیوەوە ئەکات، قادریش بۆی دائەنیشێ و ئەڵێ: میرم! دوێنە وە دۆکڵیوەوە کەسێ نەیخوا قەدری نازانێ مەگەر میرێکی وەکوو تۆ بزانێ خوا چ تحامێکی دروست کردگە!

ئەو سێ پەری مێگەلی مڵی پاشاکە ئەچێتە سەر «ئاوێسە» و ئاو ئەخواتەوە و شیر ئەدا و کاوێژ ئەکا ئێژی شەراوەهوڕی بەهەشتە، ئەیکەن وە ماس و دوایی وە دۆ، گەنمی قەنهاری وڵات ئەکوڵێنن و لەتەکیا گرتکی ئەکەن وەکوو گوڵە ڕێواسی کوێستانی لێ تێ، کە وشک ئەوێتەوە ئێژی تۆپەڵە نەواتی شاری سنەس؛ بە کەشکە زۆردەکەی ناڵی میمکە هامینەی ئەکرێت وەر، کە ئەینێ وەسەرەوە وە قەورەکەی حەمە پاشاوە، بێ دگان فرتە ئەکاتە ناو هورگەوە، وە دوعای «باڵانتەران» وێ، ئەوێ وە خواردنی گشت میر و پاشایەک، نە تۆڵترمە بۆی ئەوێسێ نە فڕفڕینی!

دۆکڵیوی شای گشت سەرسینی
قەند و نەوات و دارچینی
ئێژی بەهەشت ناردگیەسی
هەتا بیخۆی، هەر هەی برسی

مەحموو پاشا وا دیار بوو زۆری لێ خواردبوو و تەبیعەتی پێ تێک چووبوو، وتی: وەڵڵا کوڕی سانە حەمەد لام وایە دوێنە وە دۆکوڵیوەوە نەوێ شتێکی فرە خاس ئەوێ! کوڕی سانە حەمەدیش ئەڵێ:

میرم! ئەو دۆینە بێفەڕە هێشتا نەتکوڵاندگە ئێژی کوچکی هەوارەلێژەی بانی خێڵانە، کە دگانی پیا ئەنێی وەکوو جۆی ژێردگانی کەر قرمەی لێوە تێ! خۆ کە ئەیخەیتە سەر، سێ کوچکە ئەوێ وە هەویری ماڵە دۆمەکانی «سەی ساق»! ئەو گەنمە قەننارییە جوانەی دەشتی گەرمیان ئەکەیتە ناوی، ئەیماشێتەوە و ئەیماسێنێ وەکوو کزنەڕەشە خوانەناسەکەی مەریوانی لێ تێ! کەچکی لێ دائەگری، لەبەر بڵێسەی غەزەوی تیا ناوێسێ ئێژی باوککوشتەی یەکن! خوا بکا وە نەسیوی دوژمنیشت ئەوێ وە پاشا، ئەویش ناوی خۆی نیاگە خواردن! دەی بێفەڕ، دۆکڵیو وە دۆینەوە؟!

دۆکوڵیوە ترشە پیسەکە
هەر دۆخەواس لە کیسەکە
خۆی لی کردگین وە پیاوماقووڵ!
ئێژی تەرسە و لەبانی تووڵ!

مەحموود پاشا ئەڵێ: خوا بتگرێ قادر! تۆ هەر ئێستا بە سەروباڵای دۆینە وە دۆکڵیوەوە و مەتحت ئەکرد؟! ئێستا ئەمە چی بوو هاتی وە سەروگوێلاکیا و دەستت کرد وە زەمکردنی؟! ئەویش ئەڵێ: میرم! من پیاوی تۆم، پیاوی دوێنە و دۆکڵیوەوە نیم، ئەوێ شتێ بێژم کە تۆ پێت خۆش وێ نەک دوێنە و دۆکوڵیوەوە!