مەلا مارفی کۆکی لە سابڵاخ و لە وڵاتی موکریان

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  489 بینین

مەلا مارفی کۆکی لە سابڵاخ و لە وڵاتی موکریان ژیانی بە ناسۆری بەسەر برد، لە سەردەمی دواییدا یەکە هۆنەری موکریان بوو، بەڵام ڕۆژگار ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر پشتی تێ هەڵ ئەکرد؛ سەرەتای دەروازەی ناسۆری بێپایانی کوشتنی کوڕە گەنجەکەی «مەلا عەلی» بوو، ئەم کوڕە لە سەردەمی پاشایەتی ڕەزاشادا وڵاتی موکریانی شڵەژاندبوو، ئاگرێکی قودرەت بوو پەیدا ببوو، مەلا عەلی ڕێوەڵەیەک بوو بەڵام چارەنووس هێنای بەسەریا کەوتە کەژ و شاخ و پیاوکوشتن. ئاغاواتی موکریان و حوکوومەتی ئەو وڵاتەی ڕەزاشا ئەو دەمە بە ڕاستی لە ترسی مەلا عەلی خەویان لێ نەئەکەوت. بە جۆرێ سامی پەیدا کرد، منداڵ لە بێشکەدا کە ئەیانوت مەلا عەلی هات، ژێر ئەبۆوە؛ لە ئەنجاما مەلا عەلی کوژرا، ئەم کوژرانەی ئەو بوو بە کردنەوەی یەکەم قاپی مەینەت و گریان و زاری بۆ مەلا مارفی کۆکی. بەرەبەرە هەتا ئەهات مەلا مارف بەلای پیرییەوە ئەڕۆیشت و بەلای جیابوونەوە لە دۆستانی لە دۆستانی دێرینیەوە ئەڕۆیشت؛ گریان و زاری هەر زیادی ئەکرد، چاوی ڕووناک لەبەر گریان تەکانی ئەدا بۆلای نابینایی!

خەڵک و خوا ئامۆژگارییان ئەکرد: بەم گریانە چاوی خۆیشت دائەنێی، بەڵکوو داشت ناوە، ئیتر واز بێنە با ئەو چوار ڕۆژەی ژیانە کە ماوتە بە ڕووناکی دنیا ببینی؛ ئەویش لە وەراما بەم دوو هۆنراوە جوابی ئەدانەوە:

ژیان ئەولاد، ژیان ئەحباب، ژیان ئەییامی جوانی بوو،
نەما ئەولاد، نەما ئەحباب، نەما ڕۆژانی ڕابردوو،
چ دێ ئیتر دەبینم من، بە ئەو چاوەی کە جاران بوو،
نەمێنێ با ئەوەش ڕەببی، کە ئەو دەستەی لەدەس دەرچوو!