گەڵباغییەکان وەختی خۆی تاڵان و ڕێگرییان...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  551 بینین

گەڵباغییەکان وەختی خۆی تاڵان و ڕێگرییان ئەکرد، ترسیان چووبووە دڵی خەڵکەوە، دنیاکەش ئاسایش نەبوو، هەرکەس بۆخۆی، لەبەر ئەوە بێکارومێکاریش ئەچوون ڕێگرییان ئەکرد، بەڵام گەڵباغییەکان ترسێکی وایان بردبووە دڵی خەڵکییەوە هەرکەسێک ڕێگریی بکردایە عالەمەکە بە گەڵباغییان ئەزانی و زوو خۆیان ئەدا بەدەستەوە. ڕۆژێک ژن و پیاوێکی «مارنج» ی، ڕێیان ئەکەوێتە ئەو وڵاتە، دەستەیێکی ڕێگر بە ناوی گەڵباغییەوە ڕێیان پێ ئەگرن، کابرا تفەنگێکی پێ ئەبێ، تفەنگەکەیان تێ ئەگرێ، فیشەک دەرناچێ! لەوە زیاتریش فیشەکی پێ نییە؛ ڕێگرەکان ئەزانن فیشەکی پێ نەماوە، گەمارۆیان ئەدەن. ژن و پیاو لەیەک دائەبڕن، ژنە ئەگرن و پیاوەکە هەڵدێت، بە ژنەکە ئەڵێن ڕووتەوە بە، چیت پێیە داینێ و بڕۆ. ژنە ئەڵێ: من یەک تاکە ئەشرەفیم پێیە، ئەوە تاکە ئەشرەفیئەشرەفی: نێوی لیرەیەکی ئاڵتوونە و هی سەردەمی قاجاڕییەکانە.یەکە، بەڵام پیاوەکەم هەموو ئەشرەفییەکانی منی خستۆتە گیرفانییەوە، ئەوا لە دەستتان چوو! حەز ئەکەن ناوونیشانیشتان ئەدەمێ کە لە گیرفانی لای ڕاستیایە.

تومەس ئەمە وەختی خۆی کە لە ماڵ دەرچوون، چەند فیشەکێک لە ماڵا بووە، ژنە هەڵی گرتووە و خستوویە گیرفانی لای ڕاستی مێردەکەیەوە! جەردەکان کە ئەمە ئەزانن، هەڕا ئەکەن بە شوێن کابرادا، لێی دوور ئەبن، ئەو هەڕا ئەکا، ئەمان هەڕا ئەکەن، لێی نزیک ئەکەونەوە بە جۆرێک وا کە دەنگیان ئەیگاتێ، بانگی لێ ئەکەن: کابرا ئەو ئەشرەفیانەی کە لە گیرفانی ڕاستتایە داینێ و خۆت بڕۆ، ئەوا ژنەکەشت بەرەڵا ئەکەین، ژنی خۆیشت بەرەوە!

کابرا لەم قسەیە زۆر سەری سوڕ ئەمێنێ! ئەشرەفی چی و شتی چی؟! کەی ئەم ئەشرەفی پێیە؟! جەردەکان لێی نزیک ئەکەونەوە و هەر هاواریش ئەکەن، وەکوو بڵێت کابرا خوێشی ئەکەوێتە شکەوە! دەست ئەکا بە گیرفانیا هەر بەدەم ڕاکردنەوە، کە چی فیشەک دێ بەدەستیەوە! فیشەک دەردێنێ ئەیخا سەر تفەنگ، لائەکاتەوە و تفەنگیان تێ ئەگرێ، ڕێگرەکان ئەسڵەمێنەوە، تفەنگێکی تریان تێ ئەگرێ، ئەڵێ ڕاوەستن؛ لەولاشەوە ژنەکەی دێت، تفەنگی سێیەمیان تێ ئەگرێ، ئەڵێ: دەست بەرزەوە کەن و ڕووتەوە بن! لوولەی تفەنگەکەیان تێ ئەگرێ و دەستی لە کارایە! ژنە دێت ئەڵێ: جارێ بێنن ئەشرەفیەکەی خۆم، پاش ئەوە، لوس و باریک چییان پێ ئەبێ لێیان وەرئەگرێ و ئەڵێ بڕۆن! بانگ ئەکەن لە کابرا ئەڵێن بڕۆین؟ ئەڵێ: بڕۆن. پیاوە دێت ناوچاوانی ژنەکەی خۆی ماچ ئەکا و ئەمانیش ئیتر ئەڕۆن!