امین السادات هەبوو لە سەیدەکانی باینچۆ و

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  478 بینین

«امین السادات» هەبوو لە سەیدەکانی «باینچۆ» و «سنە» بوو؛ زەمان هێنابووی بەسەریا هەژار کەوتبوو، خوێشی بەتەواوی تەرکی دنیای کردبوو و کەوتبوو خانەقای بیارەوە، چاوەکانیشی نەمابوون، پیاوێکی گردەپیاوە و کورتەباڵا بوو، قسەی نەستەق بوو و بە دانەدانە قسەی ئەکرد. ڕۆژێک جافرسان ئەچێتە بیارە لەلای شێخ عەلائەدین دانیشتبوون، «امین السادات» یش لە گۆشەیکی حەوشەکەدا دانیشتبوو، چەند کەسێکی لێ کۆ ببوونەوە قسەی بۆ ئەکردن، خەڵکەکەش حەزیان ئەکرد گوێ لە قسەی بگرن، «جافرسان» یش لە دواوە گوێی لە قسەکان ئەبوو، وا دیار بوو قسەکانی تۆزێ لەشی جافرسانی ئەخوراند! ڕووی کردە شێخ عەلائەدین، وتی: شێخ عەلائەدین! ئەم سڵوسواڵکەرانە چین کەوتوونەتە ئەم خانەقایە، کەس نازانێ ئەسڵوفوسڵیان چییە و کوڕی کێن، خۆیان کردووە بە پیاوماقووڵ! مەبەستیشی «امین السادات» بوو.

لەو کاتەدا بانگی نیوەڕۆ بوو، بانگیش گەیشتە «أَشْهَدُ ان محمداً رسول الله‎عەرەبی» «امین السادت»یش گوێی لە قسەکانی جافرسان بوو، هەر هەستا دارودەستەکەی دەستی هەڵگرت و هات بەلای جافرسانەوە، وتی: ئاغای جافرسان! ئائەوە لەو بانگەدا هەیە باوای من بوو یا هین تۆ؟! ئێمەگەل بێ ئەسڵ و فەسڵ نین، ئێوەگەل کەس نازانێ لە کوێوە هاتگن بە کەڵەگایی سواری ئەم وڵاتە بووگن! ئێمە هەزار ساڵە لەم وڵاتەین و کوردیشین، وەلێ ئێوە بەبێ فەسڵی هاتگن و کوردیش نین! خانەقای بیارە جێگای نەجیبزادەگەلە، جێگای بێ ئەسڵ و فەسڵگەل نییە، بەم دارە ئەو دەمولەسەت ورد بکەم؟! ناوێ بزانی چۆن قسە ئەکەی؟!

جافرسان هەروا لە شوێنەکەی خۆیا تەرێق بۆوە، بەڵام نەیخستە سەر خۆی، گوایە لەبەر شێخ عەلائەدین و خانەقای بیارە دەنگ ناکا!