فەقی محەمەد هەمەوەند زۆر وەڕەز بوو لە هەندێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  387 بینین

فەقی محەمەد هەمەوەند زۆر وەڕەز بوو لە هەندێ کردەوەی مەحموودی کوڕی، هەڵی گرت بردیە لای مەلا حەسەنی قازی بۆ شکات، وتی: جەنابی قازی، ئەم کوڕەم زۆر بێدڵیم ئەکا. وتی: قوربان عەرەق ئەخواتەوە و نوێژیش ناکا! مەحموود وتی: چۆن؟ وتی: قوربان جەنابی قازی! هەرچەندە بێئەدەبیشە باوکمە، بەڵام قسەکەی وا نییە؛ فەقێ محەمەد وتی: جەنابی قازی، ئەم کوڕە هەروا لاسارە، قەت بووە نوێژ بەبێ خوێندنی قورئان؟!

مەحموود وتی: قوربان، قورعان ئەخوێنم و شتیشی لێ وەر ئەگرم. مەلا حەسەن وتی: ئادەی شتێکم بۆ بڵێ با گوێم لێ بێ؛ ئەمجا مەحموود وتی:

شەرابی ئاڵ و حۆریی چاوبەلەک،
پڕیەتی بەهەشت بە جۆگە و لەکلەک
بۆ تام و سەیرانی، دڵ بەئاواتە،
ئەم قسەی بەندە، فتوای باواتە!

فەقی محەمەدی باوکی وتی: قوربان، ئەم نەگبەتە دوێنێ چووە قورعانەکەی مەلا مستەفای حاجی مەلا ڕەسووڵی دزیوە و ئەم شتانەی لێوە فێر بووە! مەلا حەسەنیش وتی: سا بە خوا منیش شتێکی دیکەم لە قورعان وەرگرتووە، با تەواوی کەم بۆی:

جەزای پیاوی چاک ئەو حۆریانەن،
مەستیی بادەی مەی ئەو ساقسیمانەن!

بڕۆن، بڕۆن، قورعان ئەزانن و عەمەلیشی پێ ناکەن!؟ بەڵام لە چارەتان دا!