پرسەیەک لە سولەیمانی ڕێ کەوتبوو؛ کامەرانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  405 بینین

پرسەیەک لە سولەیمانی ڕێ کەوتبوو؛ کامەرانی شاعیر، ڕەئوف مەعرووفی گەلاوێژ و محەڕم محەمەدئەمین قسە ئەکەن پێکەوە بۆ ئەوە پێکەوە بچن بۆ ئەو پرسەیە. لە ڕێگادا کامەران و ڕەئوف بە محەڕم ئەڵێن: برا! کە چووینە ئەوێ تۆ فاتحەکە داخە، محەڕمیش گوێی گران ئەبێ، سەرێکیان بۆ دائەنوێنێ یەعنی باشە.

کە ئەچنە ژووری پرسەکەوە، نە محەڕم دەنگ ئەکا و نە ئەوان! خەڵکەکەش چاوەڕێی ئەوەن کە ئەمانە فاتحە دادەن، کە چی هیچ دەنگیش نییە. لەپاشا بەخێرهاتنیان ئەکەن، بەڵام لەپاش چی؟ لەپاش تەریق بوونەوەیەکی زۆر!

پاش هەستان کە دێنە دەرەوە، محەڕم دەست ئەکا بە جنێودان بە کامەران و ڕەئوف و پێیان ئەڵێ: ئێوە بە منتان نەوت کە تۆ دەنگ مەکە ئێمە فاتیحە دائەدەین؟! کە چی هیچ دەنگیشتان نەکرد و شەرمەزاریتان هێنا بەسەرما! بەڵام من سووچی خۆمە، ئەگەر من پیاو بوومایە لەگەڵ ئێوەدا نەئەگەڕام!