کابرایێک ژنیان بۆ هێنا ئەویش نەیەزانی چۆن...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  469 بینین

کابرایێک ژنیان بۆ هێنا، ئەویش نەیەزانی چۆن بچێتە لای و چی بکا. ماوەیەک بەم جۆرە مایەوە هەر هیچی بە هیچ نەکرد. ڕۆژێک پیاوێکی دراوسێیان پێی وت: ئەرێ خولە ئەوە بۆچ هیچت دیار نییە؟ وتی: برا بێژم چی؟ نازانم ئەوە چییە و کامەسە. وتی: من پێت ئەڵێم، بچۆ لایەوە دەست بخەرە سەرسەری بڵێ ئەوە چییە؟ ئەڵێ سەرە؛ پاشان چاوی، پاشان دەمی، تۆ دەست ئەخەیتە سەر هەر شوێنێک ئەو ئەڵێ ئەوەیە. کە سەرەوخوار و بەو جۆرە هاتیە خوارەوە، دەستت ئەکەوێتە سەر شوێنێک، بڵێ ئەوە چییە؟ ئەویش ئەڵێ نازانم، ئەوە بگرە و بەرەڵای مەکە خۆیەتی.

ئەمجا کە شەو داهات، کوڕە چوو بەلای بووکەوە وتی: بییە پێم؛ بووکە دەستی برد تۆزێ مێوژی دایە، کوڕە وتی: ئەوە نییە، بییە پێم. بووکێ گوێزی دایە و کوڕە وتی: ئەوە نییە، بییە پێم. هەر شتێکی دایە و وتێ: ئەوە نییە. ئەمجا دەستی خستە سەر سەری، وتی: ئەوە چییە؟ بووکە وتی: سەرە، دەستی گواستەوە بۆ سەر چاوی وتی: ئەوە چییە؟ وتی: چاوە... بەوجۆرە هاتە خوارەوە دەستی کەوتە سەر وانێکەکە، وتی: ئەوە چییە؟ کچە وتی: نازانم... کوڕە دەستی کرد بە هەڵگڵۆفینی ئەو شوێنە بە نقورچ تێی بەربوو وەکوو کوێری ئەسپێ لە مست کەوتوو هەر هەڵی ئەگڵۆفی! کچە هاواری پێ کەوت و زیڕەی ئەچوو بە ئاسمانا. لەم هەرایە خەڵک و خوا کۆ بوونەوە و دایکی کوڕەش هات، سەیریان کرد وا کوڕە بە هەردوو دەست بەربۆتە ناولنگی کچە و هەر وازی لێ نایەنێ، کچەش هەر هاوار ئەکا. دایکی کوڕە چوو لە دواوە یەخەی کوڕەی گرت و ویستی بیکێشێتەوە دواوە، کوڕە توند دوابڕاوی کچەی گرتبوو بەرەڵای ناکا و کچەش ئیتر شەرم و شتی نەما هەر هاوار ئەکا، دایکەکەش هەر کوڕە ڕائەکێشێ و ناگەڕێتەوە دواوە، ئەڵێ: خوا بتگرێ، کچی خەڵکیت کوشت بەرەڵای کە. ئەویش ئەڵێ: وەو شێخ کەریمە دۆزیگمەسۆ وازی لێ ناتێرم! بە هەرجۆر بوو کوڕەیان لە کۆڵ کچە کردەوە، بەڵام تا لە کۆڵیان کردەوە کچەی بەستەزمان نیوەمەرگ بوو. کوڕەش هەر ئەیوت: دەویتباوکینە دۆزیگمەسۆ، بۆچ نایەڵن بوم وە زاوا؟ دەسا هەر ئەوم، شێخ لەپشتم وێ، ڕوحم وەقوروانی وێ!