ئەمین چیتر هەبوو لە سولەیمانی ورگ و گەدە و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  380 بینین

ئەمین چیتر هەبوو لە سولەیمانی، ورگ و گەدە و گیپاڵی ناوبانگی دەرکردبوو، ئەیانوت بە ژەمێ بەرخێکی بە بریانی ئەخوارد. ڕۆژێک نیوەڕۆ برسی ئەبێ، ئەچێت بۆ ماڵەوە، لە ماڵەوە خورماوڕۆنیان کردبوو، بە ئەندازەی سەرەقلیانێکی بۆ ئەکەنە ناو دەورییەک و بۆی دائەنێن، ئەویش سەیرێکی ئەکا و چاوێکی پیا ئەخشێنێ و زۆر تێ ڕائەمێنێ! پاشان ئەڵێ: ئا تۆخوا لەولاوە جێگایەکم بۆ ڕاخەن و پەڕۆیەکیشم بۆ بێنن، ناساغم. ئەڵێن: تۆ ئێستا هاتیتەوە هیچت نەبوو، ئەمە چییە؟! ئەڵێ: پێتان ئەڵێم جێگاکەم بۆ ڕاخەن و پەڕۆکەشم بۆ بێنن، ئەڵێن: ئاخر چیتە؟! ئەڵێ: کێرم ڕەقیتەی کردووە، ئەمەوێ ئەم خورماوڕۆنەی تێگرم و بە پەڕۆکە بیبەستم، بەڵکوو

خێرا چاک بێتەوە، ئەوەی ئێوە بۆتان داناوم مەگەر هەر وای لێ بکەم، ئەگینە بەشی هیچی تر ناکا!