بابە شێخ گێڕایەوە وتی لەو وڵاتی هەولێرە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  613 بینین

بابە شێخ گێڕایەوە وتی:

لەو وڵاتی هەولێرە، باوە لە کاتی حەجا یەکێک حاجییان کۆ ئەکاتەوە ئەیانبا بۆ حەج و هەر کەسە و شتێکیان لێ ئەسەنێ بەرانبەر بەو ئیش کردنە کە بۆیان ئەکا. حاجی بەکر هەبوو کە ئەویش خەریکی ئەو ئیشە بوو، ڕۆژێ یەکێ لە دەڵاڵەکانی تر دێت بۆ لای و پێی ئەڵێ: تۆ هەموو حاجییەکانت ڕاکێشاوە بۆ لای خۆت و نانی ئێمەت بڕیوە. حاجی بەکریش تا ئەو وەختە هەر پانزە حاجی بۆ کۆ کرابۆوە و ئەوانیش لەلای دانیشتبوون، هەڵئەداتێ ئەڵێ: نانی ئێوەم چی بڕیوە؟ من هەمە و نیمە پانزە حاجی حیز، ئیتر لە کوێ هەمووم کۆ کردۆتەوە؟!

حاجییەکان کە ئەمە ئەبیستن دەست ئەکەن بە جنێو و قسەوتن پێی و لێی ئەڕەونەوە. هەرچەند حاجی بەکر هاوار ئەکا کە مەبەستی هیچ نەبووە، کەڵکی ناگرێ! ئەم قسەیە خۆی بوو بە بەڵا بەسەر خۆیەوە، لە ئەنجاما وای لێ هات کەس ڕووی تێ نەئەکرد و هەولێری بەجێ هێشت.