هەر ئەو گێڕایەوە وتی ساڵێک چووم بۆ دەرەوە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  383 بینین

هەر ئەو گێڕایەوە وتی:

ساڵێک چووم بۆ دەرەوە بۆ دەروێش گرتن، لە گوندێکا لەو بناری نزیکی «هەرکی» یە، تووشی کوڕێکی گەنج بووم وتم تەوبە بکە و ببە بە دەروێش، وتی: قوربان من هێشتا ژنم نەهێناوە و تەوبەم پێ ڕاناگیرێ. وتم: برا، تۆ تەوبە بکە من بڕیارت ئەدەمێ تا ساڵێکی کە ئەم وەختە ژنیش دێنیت. بە هەر جۆر بوو ڕازیم کرد، تەوبەم دا و بوو بە دەروێش، لە بەهاریا کە هێشتا ساڵی بە سەرا نەسووڕابۆوە چوومەوە بۆ ئەوێ، سەیرم کرد کوڕەکە جەزبە گرتوویەتی و بە زیکرکردن و هەیاهوو هات بۆ لام. پێم وت: ها هێشتا ژنت نەهێناوە؟ وتی: یاشێخ بە قوربانت بم، تۆم بۆ خۆش بێت، ژنم بۆ چییە؟!