لەو سەرە پیرێژنێکی پۆپسپی لەبەر دەرگای...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  504 بینین

لەو سەرە پیرێژنێکی پۆپسپی لەبەر دەرگای ئەشکەوتێکا، بووکەکەی سیپاڵێکی بۆ ڕاخستبوو. ساوەریان کردبوو، ساوەرەکەی لەولاوە لەسەر جاجمێک بۆ هەڵخستبوو، بێشکەی منداڵەکەی لەلایەوە دانابوو، خەڕەکێکیشی بە هەندێ پەتکەوە خستبووە بەردەم، لەناو گلێنەیەکا هەندێ قاوتیشی بۆ دانابوو. بووکە خۆی چووبوو بۆ مازووکردن، پیرێژنەکەش کەڵپەکەڵپی بوو، هیچ ددان لە دەمیا نەمابوو. پیرێژنەکە بە دەستی ڕاستی خەڕەکی ئەڕست، بە قاچی بێشکەی ڕائەژەند، بە دەستی چەپی چۆلەکەی دەر ئەکرد لە ساوەرەکە، لە بەینا پەتکی ئەدا بە دەم خەڕەکەکەوە، جار جاریش گوێڵی قاوتی هەڵئەگرت ئەیبرد بۆ دەمی، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە بەر لووتی ئەشکەوتەدا بوو بایەکە نەیەهێشت هیچی بچێتە دەمی. کوڕێکی قۆشمەش لەپاڵ دارێکا وەستابوو سەیری کارەساتی پیرێژنەی ئەکرد. پیرێژنە پێی زانی، لای وابوو بۆ ئەوە ڕاوەستاوە، ئەمجا بە چاویشی دەستی کرد بە چاوبڕکێکردن لەگەڵ ئەویشا! کوڕە ئێجگار لە قاوت خواردنەکەی سەری سوڕمابوو، چونکە هیچی نەئەچووە دەمی. لێی نزیک بۆوە وتی: تازەشەمامە! ئەوە چی ئەخۆی؟ پیرێژنەش جوابی دایەوە وتی: گیانی تازەشەمامە، تا ئەم بایە لەم کونەوە بێ هیچ!