مەلا ساڵحی میانەیی لە جێشانە مار پێیوە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  612 بینین

مەلا ساڵحی میانەیی لە جێشانە مار پێیوە دابوو، حاڵی زۆر شڕ بوو، خستبوویانە ناو جۆلانەوە و ڕایانەژەند بۆ ئەوەی مشک بە سەریا تێنەپەڕێ. دەردەکەی ڕۆژبەڕۆژ گرانتر ئەبوو، هێنایان بۆ سولەیمانی بۆ لای دوختۆر، دوختۆریش ئەو وەختە دوختۆر مەلیک بوو. دوختۆر گەلێ بە داودەرمان لەگەڵیا خەریک بوو. کەڵکی نەبوو، لە ئەنجاما پێی وت: باوکم مارەکە کوشندەیە، ئەگەر ئەتەوێ چاک بیتەوە، ئەبێ پیاڵەیەک شەراب بخۆیتەوە. مەلا ساڵح وتی: شتی وا ناکەم. دوختۆر مەلیک وتی: بۆ چی؟ مەلا ساڵح وتی: ئەترسم بچمە جەحەنم! شێخ بابە عەلی تەکیەیی لەوێ بوو و وتی: مردووت مرێ، نەشیخۆیتەوە هەر ئەچیتە جەحەنم! کە واتە بە قسەی پیاوەکە بکە با ئێستا لەم دەردە ڕزگارت بێ، تا سبەینێ خوا گەورەیە!