شێخ محەمەدی شێخ جەلال بۆی گێڕامەوە وتی لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  394 بینین

شێخ محەمەدی شێخ جەلال بۆی گێڕامەوە وتی:

لە مزگەوتەکەی ئێمە پیاوێک هەبوو گەلێ دەردیسەری ڕووی تێ کردبوو، هەموو پاش نوێژێک ئەپاڕایەوە لە خوا کە چاکی بکاتەوە. جارێکیان نوێژی عیشا بوو، لە پاش نوێژەکە، لە کاتی دۆعاکردنا دەستی بەرز کردەوە و وتی: خوایە گورچیلەم چاک کەیتەوە، سپڵەکەم چاک کەیتەوە، ژانی پشتەکەم چاک کەیتەوە، پەراسوکانم ژان ئەکەن چاکیان کەیتەوە... ئیتر بەم جۆرە زۆری پێوە ڕۆیشت، دە دوانزە ئازاری هەڵ دا. حاجی محەمەدی عەنبەر لە تەنیشتیەوە بوو، بۆی هەڵنەگیرا، لای لێ کردەوە و پێی وت: مردووت مرێ! بۆچ خوا پینەچییە ئەم هەموو شوێنانەی تۆ پینە بکا؟ تا ئەمانە بکا، دێنێ دە دوانزە زەلامی ڕێکوپێک دروست ئەکا و ئیتر چی داوە بەسەر ئەم جووت بەقیە و چوار پینەییەوە!