مەلا عارف لە خانەقی بۆی گێڕامەوە وتی زوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  540 بینین

مەلا عارف لە خانەقی بۆی گێڕامەوە وتی:

زوو، پیاوێکی پیر پیر هەبوو لە خانەقی «دۆسەی»ی ناو بوو، ئەم دۆسەیە هەر لە مندڵییەوە زەمان هێنابووی بە سەریا ببوو بە «کاکەیی». پاشان کوڕ و شتی هەبوو، یەکێ لە کوڕەکانی «نووری» ناو بوو، ئەم نوورییە منداڵ بوو. سەردەمی شێخایەتی و زەرگ وەشاندن لە باوا بوو، خەلیفەیەک هاتە خانەقی و کۆڕی زکری دابەست. نووری چووە ناویان و پێوە بوو، بوو بە دەورێش و گوێیان کون کرد و وەکوو دەروێشەکانی تر فێری «های هو»ی بوو.

دنیا ڕەمەزان بوو خەڵک لە سەربان ئەنووستن، هەڵسان بۆ پارشێو و بوو بە تەق وهۆڕی کەوچک و مەنجەڵی چێشت، نووریش لەم تەقە تەقە خەبەری بۆوە دەستی کرد بە نووکەنووک و وتی: بە ڕۆژوو ئەبم، باوکی دوو سێ چەپۆکی کێشا بە سەریا و پێی وت: بخەفە بخەفە. کەڵکی نەبوو، نووری ئاگری ڕۆژوو هەڵی گرتبوو و خەوی لەوانیش عەرام کرد. ناچار دۆسە بە دایکەکەی وت: هەستە نان و چایەک و ڕای ئەی داڵک خیزە بکە. ئەمجا لەبەر خۆیەوە هەر ئەیوت: من لە کوو هوو هوو لە کوو؟! من لە کوو ڕووزە لە کوو؟! دەسا داوو هەقم لە خوا بسەنی، ڕای ئەی کەتنە!