لەو بنارەی دەشتەتاڵە لە دێیەک پیاوێک هەبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  481 بینین

لەو بنارەی دەشتەتاڵە لە دێیەک پیاوێک هەبوو، سۆفی برایمی ناو بوو، عەمری خوای کرد. لەپاش شوتن و کفن، هەڵیان گرت بیبەن بۆ سەر قەبران. ژن و منداڵی سۆفی برایمیش کەوتنە تەک خەڵکەکە و چوون بۆ سەر قەبران، ژنەکەی سۆفی برایم، ژنێکی جوانکەلە و ڕووە و بازاڕی بوو، پیاوێکی جۆڵا هەبوو لە دێکەدا، سۆفی ڕەحیمی ناو بوو، ئەویش لەگەڵ تەرمەکەدا چوو بۆ سەر قەبران. لە ڕێگادا مرخی خۆی خۆش کرد لە ژنەکەی سۆفی برایم و وردە وردە لەناو خەڵکەکەوە چوو بۆ بەلای ژنەکەوە و سەری قسەی لەگەڵ دامەزراند و لە ئەنجاما پێی وت کە شووی پێ بکا. ژنەش وتی: ناتوانم قسەت بدەمێ، چونکە لە پێش تۆدا گفتم بە یەکێکی تر داوە! سۆفی ڕەحیم واقی وڕ ما وتی: ئەوە چ کەسێکە وا لە پێش ئەم وەختەدا گەیشتووە بە تۆ و گفتی لێ سەندووی؟! وتی: مەلا لەو وەختەدا کە ڕەحمەتییەکەی ئەشۆرد، قسەی لێ وەرگرتم کە مێرد بکەم بەو، تازە ناتوانم لە قسەی خۆم پەشیمان ببمەوە!