لەو سەرە کوڕێک دایکێکی پیری هەبوو هەر بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  571 بینین

لەو سەرە کوڕێک دایکێکی پیری هەبوو هەر بە تەواوی پەکی کەوتبوو، هەموو ددانەکانی کەوتبوون، چاوی کز ببو، برۆی هاتبۆوە سەر چاویا، کوڕەکەش کاروانچێتی ئەکرد. هەرچەندە ئەچوو بۆ کاروان و ئەهاتەوە دایکەکەی پێی ئەوت: کوڕەکەم دەنگوباس چییە؟ ئەویش ئەیوت: دایە هیچ نییە، پیرێژنە بەم دەنگوباس چییە، کوڕەی بەتەواوی وەڕز کردبوو! کوڕەکە هاوڕێیەکی هەبوو، چوو بۆی گێڕایەوە وتی: فڵانی! دایکم حەیشی پێ تاڵ کردووم، ناوێرم سەر بکەمەوە بە ماڵەکەدا، هەر کە ئەچم ئەڵێ: کوڕم دەنگوباس چییە؟ منیش ئەڵێم هیچ نییە بەڵام ئەو هەر واز نایەنێ.

کوڕەی هاوڕێی وتی: کوڕە! من ئەزانم ئەوە بۆچ ئەپرسێ، ئەوە مێردی ئەوێ، دایکی منیش وابوو! کوڕە وتی شتی وا چۆن ئەبێ؟! ئەو سەری لە لێوی گۆڕەوە ئەلەرزێ، مێردی چی؟ وتی: ئەوەیە پێت ئەڵێم. ئەم جارە کە چوویتەوە و لێی پرسیت دەنگوباس چییە، بڵێ: دایە! نازانم فەرمانێک دەرچووە، ئەبێ هەر کوڕێکی گەنج ژنێکی پیر بێنی، بەڵام ئەبێ ئەو ژنە دە دانە گوێز بە ددان بشکێنێ! ئەمەی پێ بڵێو ئێتر کارت نەبێ.

کوڕە چۆوە بۆ ماڵەوە و دایکی وەکوو جاران لێی پرسی: کوڕم دەنگوباس چییە؟ ئەویش وەکوو کوڕەکەی هاوڕێی پێی وتبوو، پێی وت. دایکە وەکوو گوڵاو بپڕژێنی بەسەر دڵیا، بەو جۆرە گەشایەوە! وتی: دە کوڕم بچۆ دە گوێزم بۆ بێنە بزانە چۆنت بۆ ئەشکێنم! کوڕە چوو دە گوێزی کردە مستیەوە و خۆی چوو بۆ کاروان، لەپاش پانزە ڕۆژێک گەڕایەوە و چوو بە لای دایکیەوە وتی: دایە چیت کردووە لەگەڵ گوێزەکانا؟ وتی کوڕم یەکێکیان لە دەممایە و ئەیمڵکێنم، نۆیشی ئەوەتا لە مستمایە!