مەلا ئەوڕەحمانێکی سەقزی هەبوو وتی لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  557 بینین

مەلا ئەوڕەحمانێکی سەقزی هەبوو، وتی:

لەو دەشتی سەمگاوە لە تەنیشت درۆزنەوە، خێڵێکی جاف خستبووی، چوومە ئەوێ، سەیرم کرد شین و شەپۆڕە؛ پیاوێک لە خێڵەکەدا، «عەزەی قادر» یان پێ ئەوت. نەخۆش کەوتبوو لە گیانەڵڵادا بوو، هەموو خێڵەکە بەداخەوە بوون بۆی، ژنانیش کۆڕیان بەستبوو بە سەریەوە ئەگریان، هەر یەک بە جۆرێ باسی چاکەی عەزەیان ئەکرد، عەزە خوشکێکی هەبوو فاتەی ناو بوو، فاتە زۆر بە کوڵ ئەگریا بۆ براکەی، ژنەکانی تریش هەر دڵیان ئەدایەوە و ئەیانوت خوا ڕەحمی زۆرە ئیشەڵڵا شیفای بۆ دێت و لەم نەخۆشییە هەڵئەستێتەوە. فاتەش وتی: خزمینە! من خۆم قیروسیا، ئەحەی مێردم، لەو ڕۆژەوە ئەم برامە نەخۆش کەوتگە، وەکوو کەرێ جاشکی تۆپیوێ هەر لووشکەلووشکیەسی، وە شەو و وە ڕۆژ ئارامی نییە، وەکوو پارگێنی دوای دەواراو وە چاویا تێتە خوار، دەسا خوایە لەبەر دڵی ئەو مێردەم، ڕەحمێ وەم برامە بکەیت و لەم گلاراوە بخەڵسێ!