مەلا برایمی دۆڵاوی بۆی گێڕامەوە وتی ساڵێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  560 بینین

مەلا برایمی دۆڵاوی بۆی گێڕامەوە وتی:

ساڵێک چووم بۆ ئەو گەرمیانە بۆ مەلایەتی ڕەمەزان لە خێڵێکی تەرخانیدا، بە قسەی شێخ قادری کڕبچنە بووم بە مەلایان، ڕەمەزان بە سەر چوو و جەژن هات، لە ڕۆژی عەرەفەدا خۆتان ئەیزانن هەمووکەس ئەکەوێتە خۆی بۆ سەر و ڕیش تاشین و جلوبەرگ گۆڕین. لە دیوەخانەکەی ماڵی کوێخا ڕۆستەما (کە دەوارێکی گەورە بوو) خێڵ کۆ بۆوە، دەروێش مارفێک هەبوو و چەقۆ هەسانەکەی هێنا هەرکەسە سەر و ڕیشی خۆی ئەخوساند، ئەویش بۆی ئەتاشی.

خاڵە مارفێکی تر هەبوو، سەرە هاتە سەرتاشینی ئەو، ئەویش سەر و ڕیشی خۆی خوساند و هات لەبەر دەمی دەروێش مارفی سەرتاشا دانیشت، دەروێش مارف سەرەکەی بۆ تاشی و هاتە سەر ڕیشی، وتی: خاڵە مارف ڕیشەکەت بتاشم یا قەڵەمی کەم؟ ژنی ئەو خاڵۆ مارفەش لەو دیو چیغەکەوە بوو، گوێی لە قسەکەی دەروێش مارف بوو، تا خاڵۆ مارف هاتە سەر ئەوەی قسە بکا، ژنەکەی سەری لە چیغەکەوە هێنایە ئەمدیو و وتی: ئەوە تۆ ئێژی چی؟ گووی تێ کە گشتی بتاشە، خۆ مامۆسا نییە قەڵەمی ئەکەی!