عێل سەرەو ژوور بوو بۆ کوێستان لە دوو هۆبە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  592 بینین

عێل سەرەو ژوور بوو بۆ کوێستان، لە دوو هۆبە دوو کابرا هەبوون، یەکێکیان «ئەلی وەیس» و یەکێکیان «مراد وەیس»ی ناو بوو، ئەویان کوڕێک و ئەمیان کچێکی هەبوو. ئەلی وەیس بەتەما بوو کچەکەی مراد وەیس بێنێ بۆ کوڕەکەی.

پێکەوە ئەم دووە ئەچن بۆ بانە و ئەگەڕێنەوە، ئەگەنەوە سەر دووڕیانەکە و لەوێوە هەرکەس لائەدا و ئەچێتەوە بۆ هۆبەکەی خۆی. کەلێک دوور ئەکەونەوە، ئەلی وەیس کەوتەوە بیری کە خوازبێنی کچەکەی نەکرد بۆ کوڕەکەی! ئەگاتە سەر گەردێک و بانگ ئەکا: ئەرێ بێفەڕ لەبیرم نەو کچەکەت داوا کەم بۆ کوڕەکەم، ئێستا ئێژی چی؟ مراد وەیسیش ئەڵێ: وا دام وا دام. ئەمجا ئەلی وەیس بە دەستێکی، دەستەکەی خۆی ئەگرێ و ماچی ئەکا، بە جۆرێ کە شەققەی ماچەکە بگاتە لای مراد وەیس! ئەلی وەیس دێتە ماڵەوە و بە کوڕەکەی ئەڵێ: کوڕە بێفەڕی نەگریسە! هەڵسە بچۆ بۆ ماڵی دەزگیرانت، کچەکەی مراد وەیسم بۆ خوازوێنی کردگیت. ئەویش ئەڵێ: بە بێ چیتی سوور چۆن ئەچم! باوکی ئەڵێ: بێفەڕ بۆم هاوردگی.

ڕاست بوو ئەو وەختەی کە چووبوو بۆ بانە دوو گەز چیتی سووری بۆ هێنابوو، دایکی نافەکەکەی لەو چیتە هەڵدێنێ و پارچەیەک ئەدرووی بە شوێن نافەکەکەیدا! ئەمجا کوڕە هەڵئەستێ ملی مەڕێک ئەگرێ ئەڕوا، لە ڕێگادا شەکەت ئەبێ لەبنە بەردێکدا سەر ئەنێتەوە تۆزێک ئەنوێ، لەو کاتەدا شوانێک سەیری ناو لنگی کوڕە ئەکا، دڵی لە چیتە سوورەکە ئەچێ. ئەڵێ: وە کەلام ئەمە بۆ کیسە تووتن فرە خاسە! بە بێچرپە دێت نافەکەکەی هەڵدێنێ و ئەیبا! کوڕە پاشان خەبەری ئەبێتەوە و بە خۆی نازانێ، هەر بەو جۆرە ئەچێ بۆ ماڵی دەزگیرانەکەی و ئەگاتە سەر بەرزاییەک و دائەنیشێ، چاوی بە دەزگیرانی ئەکەوێ، سوورەی سەرقیتە ڕاست ئەبێتەوە! دەزگیرانی پێی ئەڵێ: کوڕە بێفەڕ سوورەت بشارەوە! کوڕەش ئەڵێ: ها، ها ئەمە نیوگەزی، دووگەز لە ماڵەوەیە.

ئاخری کچەکە پێی ئەڵێ: کوڕە بێفەڕ، گەڵوگوونت بشارەوە!

دایکی کچە بەم کارەساتە ئەزانێ، سەیر ئەکا کوڕە زۆر بەربادە، ئەڵێ: کوڕم بچۆرەوە دایکت بنێرە! کوڕە ئەچێتەوە دایکی ئەنێرێ، دایکی کچە پێی ئەڵێ: کوڕەکەت زۆر بێعەقڵە، کارەساتەکەی بۆ ئەگێڕێتەوە، ئەویش ئەڵێ: ئەوە مەگەر تڕوتوخمی ئەو باوکەکەرەی نییە؟! من ئەم کوزەم بۆ ساف ئەکرد، کە چی ئێوارە ئەو کە ئەهاتەوە فڵق ئەیکرد بە قنگما! ئەویش هەر لەو باوکەیە!

پاش ئەمانە کچە ئەگوێزرێتەوە بۆ کوڕە، کوڕە ئەچێتە لای، لە وەختی چوونە لادا سەر ئەکا! بەیانی باوکی کچە لە کچەکەی ئەپرسێ کە کوڕەکە بوو بە زاوا؟ کچەش ئەڵێ: نە.

ئەمجا بە کوڕەکە ئەڵێ: بۆچ بە زاوا نەبوویت؟! کوڕەش هەر لە شەوێوە حەیتەی سەر سووری خۆی گرتووە بە دەستەوە ئەڵێ: چۆن نەوگم وە زاوا؟ ئەی ئەمە گووی تۆیە وەسەر کیرمەوە؟!