بارام بەگی ئەحمەد بەگ بۆی گێڕامەوە و وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  1807 بینین

بارام بەگی ئەحمەد بەگ، بۆی گێڕامەوە و وتی:

چوومە شاری «سنە» کوڕێکی دۆستم هەبوو، پێی وتم لەلای ئێوە یاپراخی چاک لێ ئەنێن، تۆ وەسفی بکە یاپراخێکی وەکوو لای ئێوە لە ماڵی ئێمە لێ بنێن و بیخۆین. منیش ئەوەی زانیم پێم وت، ڕۆژێ ناردی بە شوێنما چووین بۆ ماڵەوە، یاپراخەکەیان لێ نابوو، خواردمان و ئەم قسەیەی خوارەوەی بۆ گێڕامەوە، ئیتر نازانم زەرەری من بوو یا هی ئەو؟!

وتی: لەو سەرە دوو کابرا هەبوون، یەکێکیان زۆر هەژار بوو، ئەوی تریشیان زۆر دەوڵەمەند بوو، بەڵام هیج هەلێکی دەست نەئەکەوت بۆی!

کابرای هەژار جووتە گایەکی هەبوو، ڕۆژێک یەکێ لە گایەکانی ئەمرێ و بە تەواوی پەکی ئەکەوێ، بەهەناسەساردی لێی دانیشت. کابرای دەوڵەمەندی دراوسێی بیستی و هات بۆ لای و پێی وت: برام ئەوە چیت لێ قەوماوە وا بەو جۆرە کزیت؟ وتی: برام چیم لی بقەومێ! بەو جووتەگایە ماڵ و منداڵم بەخێو ئەکرد، ئێستا یەکێکیان مرد، ئەوا بەتەواوی پەکم کەوت! کابرای دەوڵەمەند هیچ دەنگی نەکرد و چووە دەرەوە، هەر کە ڕۆیشت لنگە گایەکی نایابی نارد بۆ کابرا، کابرا زۆری پێ خۆش بوو، دایە پاڵ لنگەکەی خۆی و جووتی کەوتەوە گەڕ. ڕۆژێ دوایی هاتەوە بۆ لای و وتی: گایەکەم بۆ ناردیت وەرت گرت؟ وتی: وەرم گرت، خوا لە برایەتی کەمت نەکا و ماڵت ئاوا بێ، بوویت بەهۆی مانەوەی خۆم و ماڵ و منداڵم. وتی: برا ئەوە چ قسەیەکە تۆ ئەیکەیت؟ ئێمە دراوسێین، هەچ ئیشێکت هەبێ بەسەر سەرم. ئیتر ئەم گایە بوو بەهۆی درگا کردنەوە بۆ هاتوچۆکردنی کابرا بۆ ماڵی ئەم پیاوە دراوسێ هەژارە و ڕۆژ بە ڕۆژ کابرای دەوڵەمەند زۆرتر ماریفەتی ئەنواند!

ڕۆژێک کابرای هەژار پێی وت: برام تۆ ئەوەندە چاکی لەگەڵ من ئەکەی، دە ئاخر تۆیش با جارێ ئیشێکت بکەوێتە من، بەڵکوو منیش بتوانم تۆزێ جەزای ئەو چاکانەت بدەمەوە. کابرا وتی من هیچ ئیشێکم نییە یەک ئیش نەبێ، وتی: ئەی لە منت نەکەوێ بیڵێ، وتی: ئاخر لە ڕووم هەڵنایە! وتی: بۆچ لە ڕووت هەڵنایە؟ من براتم بیڵێ. وتی کە واتە چی بێ لە تۆ نهێنی بێ؟! من ئەم هەمووە ماڵ و سامانەم هەیە، بەڵام نازانم بچمە لای ژن! وتی: چۆن نازانی بچیە لای ژن؟! وتی: بە کوردی نازانم گان بکەم! وتی: جا ئەوە چییە؟ ئەی لە منت نەکەوێ، چوونە لای ژن ئاوا و ئاوا ئەبێ، هەرچەند لەگەڵی خەریک بوو بۆی تێ نەگەیەنرا، هەر وتی نازانم! وتی: ئەگەر ئەتەوێ فێر ببم، ئەبێ خۆت چۆن ئەکەی، بەو جۆرە منیش فێر کەیت!

کابرا هەرچەندی کرد بۆی تێ نەگەیەنرا، ئەمجا ناچار چووە لای ژنەکەی خۆی و وتی: ئافرەت خۆت ئەیزانی ئەم پیاوە چاکەیەکی زۆری لەگەڵ ئێمە کرد و ئێستاش ئیشێکی هەیە، ئەڵێ نازانم بچمە لای ژن، منیش هەر چەند پێی ئەڵێم فێر نابێ، بۆ ئەوەی جەزای پیاوەتییەکەی بدەینەوە تۆ فێری کە! ژنە وتی: پیاوەکە شتی وا چۆن ئەبێ؟! وتی: ئافرەت، ئاخر ئەم پیاوە پیاوەتییەکی زۆری لە سەرمانە، من هەر مەبەستم ئەوەیە فێر ببێ!

کابرا بە هەر جۆر ببوو ژنەکەی خۆی ڕازی کرد و ئەمجا چوو بە پیاوەکەی وت بچۆ با ژنەکەم فێرت کا! کابرا چوو ئیشی خۆی تەواو کرد هاتەوە، کابرای مێردی پێی وت: فێر بوویت؟ وتی: خوا تۆ خۆش بکات، وردە وردە فێر ئەبم!