مەلا حەبیبی مەلا وەیسە هەبوو لە وڵاتی کە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  432 بینین

مەلا حەبیبی مەلا وەیسە هەبوو لە وڵاتی کەرکووکەوە هاتبوو بۆ سولەیمانی بۆ خوێندن. ساڵیش ١٩٣٤ بوو، ئەو لە خانەقای مەحوی من لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵ لە خزمەتی مەلا مستەفادا ئەم خوێند دۆستایەتیمان هەبوو، عەسرێک هات بۆ لام، ئەم مەلا حەبیبە «شەل» بوو لە قەدیوانی بەر هەیوانەکە شیعرێکی نووسی بۆ یادگار و ناوی خۆی لە ژێرا نووسی «حەبیب لەنگ» لە سەر شێوەی ئیملای کۆن. وتم مەلا حەبیب: «لنگ» یانی چی؟ وتی: یانی شەل. وتم جا خۆ خەڵک بە جۆرێکی تری ئەخوێننەوە. وتی بە چی ئەیخوێننەوە وتم بە «لونگ» ئەیخوێننەوە. وتی: لونگ یانی چی؟ وتم: یەعنی «پەشتەماڵ». ئەویش هێنای لە ژێر «لنگ»ە کەدا نووسی «شل»، بەڵام لەبەر ئەوە خەتەکەی جوان نەبوو، «شل» ەکەی وەکوو «شڕ» نووسی، وتم جا ئیستە خراپتر، ئێستا خەڵک «شەل» ەکە بە «شڕ» ئەخوێننەوە، واتە پەشتەماڵەکە ئەوەندە دراوە بەبەر خەڵکەوە شڕ و وڕ بووە بەسەر یەکا.

ئەمجا تۆزێ ڕاما، قەڵەمەکەی دەرهێنایەوە، هەرچی هەبوو و نەبوو، هەمووی کوژاندەوە وتی: «خەڵکی سولەیمانی پێوە لە نەگاوراو پیاو ئەگێن، بەڵام لە چارەی خۆتان و وڵاتتاندا». لە پاش بەینێک ئیتر چووەوە بۆ کەرکووک.