فەقێ محەمەدی هەمەوەند مودیری ناحیەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  424 بینین

فەقێ محەمەدی هەمەوەند مودیری ناحیەی بازیان بوو، ددان تازە داهاتبوو، تاقمە دانێکی دروست کردبوو، خستبوویە دەمی.

ئەم فەقێ محەمەدە بە ناوی مودیریەوە وە یا عەشایریەوە ئەچێ بۆ «تەکیە»ی قەرەداغ میوانی نووری شێخ بابە عەلی ئەبێ، کە شێخ نووریش بەشێکی لە عەشایریدا هەبوو، شێخ نووری پیاوێکی ئەبێ فەقێ محەمەدی ناو ئەبێ.

لە کاتی نیوەڕۆدا سینی نان دائەنرێ. فەقێ محەمەدی هەمەوەند بە دانەکانیانەوە نانی بۆ ناخورێ. دانەکانی دەردێنێ و لەسەر سینییەک دایئەنێ، پاش نان خواردن لە بیری ئەچێتەوە هەڵیبگرێتەوە، فەقێ محەمەدی پیاوی شێخ نووری سینییەکە هەڵئەگرێ، ئەوی لە سەر ماوە خزمەتکار ئەیخوا و ئێسقان و خەوش و خاڵەکە ئەڕێژێنێتە سەر نوێلکەکە سەگەلی لێ کۆ ئەبێتەوە، چی ماوە ئەوانیش ئەوە ئەخۆن. فەقێ محەمەدی پیاوی شێخ نوورییش نازانێ لەسەر ئەم سینیە ددان هەیە، وەبەڵکو خەڵکی ئەو وڵاتە ئەمە هەر نازانن، کە ددان دروست کردنەوە هەر داهاتووە.

لە پاش ماوەیەک فەقێ محەمەدی هەمەوەند ددانەکانی ئەکەوێتە فیکری ئەڵێ: شێخ نووری دانەکانم لە سەر سینییەکە بوو چی لێ هات؟ شێخ نووریش فەقێ محەمەدی پیاوی بانگ ئەکا و ئەڵێ: کوا ددانەکانی فەقێ محەمەد؟ سینیەکەت چی لێ کرد؟ (ئەوان بە شێخ نوورییان ئەوت کاکە نووری) ئەڵێ: وەڵڵا کاکە نووری سینییەکەم ڕشتە بەر سەگ! فەقێ محەمەدی هەمەوەندیش هەر ئەلێ: کوا ددانەکەم؟ شێخ نووریش نازانێ چی بڵێ لە ئاخرا چار نامێنێ ئەڵێ: «وەڵڵا فەقێ محەمەد ددانەکانت کرایە بەر سەگ و سەگ خواردی» ئەڵێ: کێ وای کرد؟ ئەڵێ: فەقێ محەمەدی پیاوی من. ئەڵێ: «دەسا کورە، گوو وە گۆڕ باوک هەرێ ناوی فەقێ محەمەدە» شێخ نووری ئەڵێ: «ئاخر تۆ خۆیشت فەقێ محەمەدت ناوە» ئەڵێ: «کورە گوو وە گۆڕ باوک خۆیشم! هەر فەقێ محەمەدە باوە حیزەکەی تۆ بەرکەوێ من قیروسیا».