ژنێک هەبوو لە سنە فەرخی خانمی ناو بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  425 بینین

ژنێک هەبوو لە «سنە» فەرخی خانمی ناو بوو، ئیشی فەرخی خانم ئەوە بوو ئەچوو پیاوێکی نەشارەزای ئەدۆزییەوە مێردی پێ ئەکرد. لە پاش دوو سێ شەو تەڵاقی لێ ئەسەند بە مارەیی و حەق و حقوقەوە. بەو مارەیی و شتە ئەژیا تا تەواو ئەبوو، ئەمجا ئەچوو یەکێکی تری ئەبینییەوە. بەمجۆرە تەغارەی تەواو کردبوو.

جارێک «سەی حەمەسەن» ێکی سەقزی ئەچێتە ئەوێ، فەرخی خانم خۆی تێ هەڵئەسوێ و خۆی لێ مارە ئەکا. لە پاش دوو شەو بیانووی پێ ئەگرێ و ئەڵێ ئەبێ تەڵاقم بدەی. دنیاش شەوە و مانگەشەو بوو، لەسەر عادەتی کوردەواری کوڕوکاڵ لەسەر سەرەنوێلک لە بەر مانگەشەوەکەدا دانیشتبوون. ئەوانیش ئەیانزانی لە کاروباری فەرخی خانم، ببوون وەکوو دەڵاڵ بۆی بۆ تەڵاق دانەکە. فەرخی خانمیش بەو شەوە لەبەر چاو ئەوانەوە پێی لە سەی حەمەسەن کردبوو بە ئەو شۆکە تەڵاقی بدا. کوڕ و کاڵیش ئەیانوت: «ئاسەی حەمەسەن فەرخی خانم ژنێکی خاس نیە، هەر ڕۆژی بەبەر یەکێکەوەس تەڵاقی دە با بڕوا». ئەمەش فەرخی خانم خۆی فێری کردبوون. سەی حەمەسەنیش تەڵاقی نەئەدا. لە ئەنجاما هاتە سەر ئەوە لە پاش ئەوەی کە ئەوان زۆر ڕوویان لێ ناو وتی: «باوە ئیمشەو وازم لێ بێرن، سۆزی وە بان چاو تەڵاقی ئەدەم».