ئەو بۆی ناردم عەبەی تەڵەمشک هەبوو لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  424 بینین

ئەو بۆی ناردم:

عەبەی تەڵەمشک هەبوو لە سولەیمانی کارگەچی بوو. ئەم عەبەیە خوشکێکی هەبوو «فاتەی تەڵەمشکیان» پێ ئەوت. فاتە بە واتەی واتەبێژانی سولەیمانی شەوگەردی ئەکرد. عەبە لەمە زۆر توڕە ببوو. لە مزگەوتی شێخ جەلال دانیشتبوین مەلا ئەوڕەحمانێکی سەقزی هەبوو لەوێ لە خزمەت شێخ بابە عەلیدا ئەیخوێند. دانیشتووین، عەبە هاتە سەر چۆک و سەر پەنجەی ئاراستەی مەلا ئەوڕەحمان کرد و لە توڕەییدا کەفی ئەچڕاند و وتی: فاتەی تەڵە مشک نانت نییە؟ فاتەی تەڵە مشک ئاوت نییە؟ فاتەی تەڵە مشک جێگات نییە؟ فاتەی تەڵە مشک بۆچ ئەچی گان ئەدەی؟ بۆچ حەیای من و خۆیشت ئەبەی فاتەی تەڵە مشک؟

لەوانە بوو پەنجەکانی بچێ بە چاوی مەلا ئەوڕەحمانا، مەلا ئەوڕەحمانی هەژاریش کە سەیری کرد وا لەم ئیشەدا بوو بە کەسی دووەم و بوو بە فاتەی تەڵەمشک، هەر وا واقی وڕما و تف لە دەمیا وشک بوو هیچ دەنگی نەئەکرد. عەبەش هەر لە سەر قسەی خۆی نەئەکەوت و لای وابوو نە بای هاتووە و نە بۆران.