مێجەر سۆن حاکمی سیاسی ئینگلیز بوو لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  906 بینین

مێجەر سۆن حاکمی سیاسی ئینگلیز بوو لە سولەیمانی، خۆت ئەزانی ئینگلیزەکان خزمەتی سەگ زۆر ئەکەن. مێجەر سۆن سەگێکی هەبوو پیاوێکیشی لا بوو «عەبە سەگ کوژ»یان پێ ئەوت. ئەم عەبەیە خزمەتی سەگەکەی مێجەر سۆنی زور ئەکرد. ئەیهێنا بە سابوون و لفکە ئەیشۆرد و شانەی ئەکرد جێگای بۆ ڕائەخست و بە دەستی خۆی چێشت و گۆشتی ئەکرد بە دەمەوە، میجەر سۆن چەند جارێک پێ وت: عەبە! تۆ واز لەم سەگە بێنە چونکە ئێوە موسڵمانن بە لای ئێوەوە سەگ گڵاوە، جگە لەوەش ئەمە هەر پێچەوانەی عادەتی ئەم وڵاتەیە. هەر چەند ئەو وای ئەوت، ئەم هەر زیاتر خزمەتی ئەکرد و بە نیازی خۆی بەم ئیشە زیاتر خۆی ئەبردە پێشەوە لە ئاخرا ئیتر ڕۆژێک سۆن لە وزەیا نەما وتی: عەبە! واز لە سەگەکە بێنە بەخوا بچیتە قنگی سەگەکەشەوە نابی بە ئینگلیز!