وەختی خۆی کە ئینگلیزەکان تازە هاتبوونە و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  475 بینین

وەختی خۆی کە ئینگلیزەکان تازە هاتبوونە وڵاتەوە، کاپتنێک لە سولەیمانی لەگەڵ موختاری گەڕەکەکەدا ناسیاوی پەیدا ئەکا. ئینجا کابرای موختار بەر قاپی ماڵی کاپیتانی گرتبوو هەرکەس بهاتایە بۆ دیدەنی شتێکی بەرتیل لێ وەرئەگرت و ئەو وەختە ئەچووە لای کاپتان ئیزنی بۆ وەردەگرت، کە بچێتە ژوورەوە. ئاخری کاپتان پێی زانی کە ئەم کابرایە بۆ خەڵک ڕووتەوەکردن هاتوچۆی ئەکا. بە خزمەتکارەکانی وت: ئەگەر هات دەری کەن هەر چەند خزمەتکارەکان پێیان وت: باوکم ئیتر مەیە کاپتان پێی ناخۆشە، ئەو بە گوێی نەئەکردن و هەر ئەچوو. ڕۆژێک لە دەرگا چووە ژوورەوە کاپتان دەستی دایە دار حەیزەرانێک ئەوەندەی لە سەر و گوێلاکی دا هەتا هیلاک بوو، بە شەق لە دەرگا کردیە دەرەوە! ئینجا هەندێ کەس کە موختاریان ئەناسی و لە بەر دەرگا بوون بۆ ئەوەی کە ئەوان نەزانن تێی هەڵدراوە پێئەکەنی و کڵاو و جامانەکەی بە دەستەوە بوو ئەیتەکان و ئەیوت: ئەم کاپتانە پیاوی چاکە، چەند یاری و گاڵتەی پێ خۆشە!