لە دێی بلەسەن یەکێ لە ئاغا شڕەکانی ئەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  443 بینین

لە دێی «بلەسەن» یەکێ لە ئاغا شڕەکانی ئەوێ جوتیارێکی هەبوو، هەموو ڕۆژێ ئەچوو بیانوویەکی پێ ئەگرت دەستی ئەکرد بە جنێو پێ دان و بە لێدانی. ڕۆژێک جوتیارەکە لێکی دایەوە وتی: ئەمە حاڵ نییە منی تێدام. لە دڵی خۆیا داین ئەگەر جارێکی کە ئاغاکە قسەی پێ بڵێ، ئەم دەست بکا بە لێدانی و هیچ سەری لێ نەکاتەوە. بە ڕێکەوت ڕۆژی دوایی لەسەر جوت بوو دیسان ئاغا هات و دەستی کرد بە بۆڵەبۆڵ و جنێودان، جوتیارم جووتیار بوو هەر جوتەکەی بەرەڵڵا کرد و ئاغای دایە بەر نەقیزە! هاواری ئاغا ئەگەیشتە ئاسمان. ئەوەندەی لێ دا هەتا بە تەواوی پەلوپۆی لێ بڕاو نوزەی تا نەما. ئێوارە جوتیار جوتەکەی بەردا و بەرەو ماڵ بۆوە. ناوچەوانی گرژ کرد و دەستی کرد بە بۆڵەبۆڵ. ئاغاژنەکەی لێ پرسی ئەوە بۆ چی و حێجزی؟ ئەویش وتی: ئاغام بێ قەزا بێ هەموو ڕۆژێ دێت لێم ئەدا و ئەمکوژێ، بە تایبەتی ئیمڕۆ بە نەقیزە ئەوەندەی لێ داوم هەموو لەشی شکاندوم! ژنەکە دڵێ پێی ئەسوووتێ و ئەچێ بە پیری مێردەکەیەوە پێی ئەڵێ: ئەوە بۆ چی تۆ ئەوەندە خراپی هەموو ڕۆژێ ئەچی لەم ڕەنجبەرە هەژارە ئەدەی و ئیمڕۆ بە نەقیزە هەموو لەشیت شکاندووە؟! ئاغاش لە تاو ژانی لەشی، ئاغای لە خۆی نییە، بەڵام بێزی نایە بڵێ ئەو منی کوشتووە. ئەڵێ هەڵبەت ئیشی چاک نەکا منیش لی ئەدەم!