پیاوێکی دراوسێمان هەبوو مودیری قەرەداغ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  399 بینین

پیاوێکی دراوسێمان هەبوو مودیری قەرەداغ بوو لە سەر شکاتی خەڵکەکە دەستیان لە ئیش کێشابۆوە هێنابوویانەوە سولەیمانی، ئەویش بۆ ئەو ماوەیە کە ئەمێنێتەوە کارەکەرێکی لەگەڵ حۆی هێنابوو بۆ ئەوەی چێشت و نانی بۆ بکا. مودیر کوڕێکی هەبوو لە مەکتەب ئەیخوێند، لە حەوشەکەدا سەکۆیەک هەبوو مودیر دنیا هاوین بوو لەسەر سەکۆکە ئەنوست، کارەکەرەکەشی لە لای خۆی ئەنواند، پەیژەیەک لە سەربانی موبەقەکە دانرابوو یەکێکیش لەسەر بانی موبەقەکەوە بۆ سەر بانی گەورە دانرابوو، کوڕەکە بە شەو لە سەربانی بەرزەکە ئەنوست. شەوێک کوڕە هەڵئەستی دێتە خوارەوە ئەچێتە سەر جێگای کارەکەرەکە، ئەویش هاوار ئەکا ئاغا ئەوە کوڕەکەت هاتۆتە سەرم، ئاغاش پیاوێکی زۆر دیندار و لە خوا ترس بوو، لەگەڵ هەڵئەستێ دەست ئەداتە دارێک و بۆی دێ، تەماشا ئەکا ئەو کوڕە سەری کردۆتە سەر سەرینی کچەتیوەکە و پرخە پرخ خەوی لە خۆی خستووە، باوکی ئەیداتە بەر دار و ڕایئەپەڕێنێ ئەڵێ: حەرامزادە ئیشت چییە هاتوویتە ئێرە؟ کوڕە سوێند ئەخوا ئەڵێ: بابە بە دەم خەوەوە هاتووم! باوکی ئەڵێ: مردوت مرێ تۆ قسەیە بکە باوەڕت بکرێ، لە دوو سەربانەوە بە دوو پەیژەدا بە دەم خەوەوە هاتیتە خوارەوە، ئاخر چلۆن نەکەوتی و ملت نەشکا؟!