میرزا مارف بۆی گێڕامەوە وتی لە سەردەمی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  1189 بینین

میرزا مارف بۆی گێڕامەوە وتی:

لە سەردەمی مەحموو پاشادا مەلایەکی پڕی نوورانی لە هەڵەبجە هەبوو، ئەم مەلایە تەڵاقیشی چاک ئەکردەوە، خۆت ئەیزانی سێ تەڵاق کە بکەوێ بە جاش نەبێ چاک نابێتەوە، ئەم مەلایەش لەبەر ئەوە ئیشی موسڵمان پەکی نەکەوێ شەرعیش ڕێگا بدا پیاوێکی خەڵکی ئەو سەر شیوە هەبوو «عەبە»ی ناو بوو، ڕاگیری کردبوو بۆ ئەوەی ئەگەر جارێک تەڵاقێکیان هێنایە لای و بە جاش نەبێ چاک نەبێتەوە، «عەبە» ببێ بە جاش و نکاح دروست ببێتەوە. عەبەیش بەو پارەیە کە لە جاشییەوە دەستی ئەکەوت ئەژیا و ئەوا ئەویتریش هەیە، ئیتر بە ڕەحەتی بۆ خۆی قاچی ڕاکێشابوو! دیسان لەگەڵ ئەمەشا کە شەرع ڕێگای داوە و وەکوو خۆت ئەیزانی نە کابرای جاش، پێی خۆشە بە ئاشکرا ئەم جاشیە بکا و وەنە کابرای تەڵاقکەوتوویش ئەیەوێ ئەو ناوە بکەوێتە شوێنی کە پێی بڵێن تەڵاقی ژنەکەی بە مارە بە جاش کردۆتەوە. بە کورتی ئەمە بۆ هەردوولایان عەیبە.

پیاوێک هەبوو «حەمەی بارام»یان پێ ئەوت، پیاوێکی کەڵەپیاو ناسراو بوو، هاتبوو بە سەریا سێ تەڵاقی خواردبوو، هەرچەندە ئەملا و ئەولای ئەکرد تەڵاق چاک نەبۆوە. وتیان باوکم بە خوا بە مارە بە جاش نەبێ چاک نابێتەوە. حەمە وتی: من ئیشی وا چۆن ئەکەم؟ مەگەر ڕووی خۆم ڕەش کەم و وڵاتی هەڵەبجە بە جێ بێڵم. وتیان برام ئەمە شەرع ڕێگەی داوە، تۆ لەم ژنەت سێ چوار منداڵی وردت هەیە، بۆ ماڵی خۆت کاول و منداڵەکانت دەربەدەر ئەکەی؟ وتی: ماڵم کاول ئەبێ و منداڵم دەربەدەر ئەبێ قیروسیا، من ئەم پەڕۆیە نادرووم بەسەر شانی خۆما. هەر چەند لەگەڵی خەریک بوون کەڵکی نەبوو.

ئینجا خزمان چوونە بن دەستی ژنەکەیەوە کە لە بەر ئەوە ماڵەکەی لێ تێک نەچێ و منداڵەکانی دەربەدەر نەبن بێنێ مێرد بکا بە «عەبە» و پاشان تەڵاقی بدا و پاشان «عەبە» تەڵاقی بدا و پاش «عدە» حەمە مارەی بکاتەوە، بەڵام ئەم ئیشە نابێ حەمە پێی بزانێ. ژنە و خزمەکانی چوون بۆ لای «مەلا مۆمن» کارەساتەکەیان تێگەیاند وپێیان وت: کە ئەم قسەیە بڵاو نەکاتەوا لە ئاخرا کە مارەی کردەوە، بە حەمە بڵێت شەرع ڕێگەی داوە کە مارەی بکاتەوە. لە ناو خەڵکیشا کە وتیان مەلا مۆمن مارەی ژنەکەی کردۆتەوە لە حەمە، ئیتر کەس قسە ناکا، ئەڵێن دیارە مەلا مۆمن ڕێگایەکی شەرعی بە بێ مارە بەجاش دیوەتەوە.

ژنە مارە کرا لە عەبە، لەگەڵ مارە کردنا دە مەجیدی خۆیشی وەرگرت و چووە پەردە، پاشان تەڵاقی دا، «عدە»ی ئەمیش بەسەر چوو، مەلا مۆمن ناردی بە شوێن حەمەدا کە «قیل» ێکم بۆ دۆزیوەتەوە ژنەکەی خۆی لێ مارە ئەکەمەوە. حەمەش ئەمەی زۆر پێ خۆش بوو، چوو ژنی لێ مارە کرایەوە، بەڵام هیچ بە کارەسات نازانێ! لە ناو خەڵکیشا بڵاو بۆتەوە کە حەمە سێ تەڵاقی خواردووە و هیچ مەلایەک بۆی چاک ناکرێتەوە کە چی ئێستا وا حەمە ژنەکەی هێناوەتەوە! لێ یان ئەپرسی چۆن هێناتەوە؟ ئەویش ئەیوت: مەلا مۆمن فتوای بۆ دەرکردوم و ئەو بۆی چاک کردومەتەوە! ئەو هەر لە سەر ئەو قسەیەی خۆی سوور بوو، و بە ڕاستیشی ئەزانی کە مەلا مۆمن «قیل»ی بۆ دۆزیویەتەوە لەگەڵ ئەمەشا خۆی زۆر هەڵئەکێشا کە ژنەکەی بەبێ مارە بە جاش هێناوەتەوە!

لە ئاخرا پێیان وت: مردووت مرێ تۆ لە کوێ نووستووی؟! ژنەکەتیان بە مارەبەجاش بۆ هێناویتەوە و جاشەکەش «عەبە» بووە. ئەم باس و خواسە هەموو کەس پێی زانیوە، تەنها خۆت نەبێ. وتی: کورە نابێ شتی وا؟ وتیان: بەرێوەڵڵا ڕاست وایە. حەمە دەستێکی کەوتە پێش و دەستێکی کەوتە پاش، تازە چی بکا و کار لە کار ترازاوە، ئەگەر بار ئەکا بۆی ناکرێ، ئەگەر ئەمێنێتەوە بە چ ڕوویەکەوە لە وڵاتی هەڵەبجە بمێنێتەوە! کەوتە سەر ئەوەی کە تۆڵەی خۆی بسێنێتەوە ماوەیەک لەم فیکرەدا بوو لە ئەنجاما هاتە سەر ئەوە کە خۆی بکا بە ژنێکی سێ تەڵاق دراو و مارە بکرێ لە عەبە! هێنای ئەم قسەیەی لە لای چوار کەس لە خزمەکانی خۆی درکاند و تەمێشی کردن کە کەس بەم ئیشە نەزانێ! هەستا جڵی ژنانەی لەبەر کرد و ڕیش و سمێڵی خۆی لوس لوس تاشی و چارشێوێکی دا بە سەریا و دەنگی خۆی گۆڕی، یەکێ لەو پیاوانە کە قسەی لەگەڵیان کردبوو، کردی بە مێردی خۆی و پێش خۆی دا چوون بۆ لای مەلا مۆمن، کابرا وتی: ئەمە ژنمە و سێ تەڵاقم خواردووە و ئەبێ چارێکمان بکەی؟ منداڵدارین با سەرمان لێ تێک نەچێ. مەلا مۆمن وتی: باوکم هیچ چارێک نییە مەگەر «تەحلیل» نەبێ. کابرا وتی: قوربان تەحلیل چییە؟ وتی: باوکم تەحلیل ئەوەیە کە ئەم ژنەی تۆ ئەبێ لە یەکێکی ئێمە مارە بکرێ و پاشان تەڵاقی بدا و ئەمجا تۆ بیهێنیتەو، کابرا وتی: جا مامۆستا ئەمە مارە بە جاشی پێ ئەڵێن. من چۆن شتی وا ئەکەم؟! مەلا مۆمن وتی: دەسا باوکم بە خوا لەمە زیاتر ڕێگا نییە.

کابرا تۆزێ خۆی بادا و دەستی کرد بە منجر کردن. لە پاشا ڕووی کردە ژنە درۆزنەکەی وتی: تۆ چی ئەڵێی؟ ژنەش بە نەرمێکەوە وتی: کەیفی خۆتە. ئەمجا پیاوە وتی: باشە مامۆستا، بەڵام کەس پێی نەزانێ، مامۆستاش وتی: من پیاوێک لە لای خۆم هەیە هەر ئەم ئیشە شەرعیانە ئەکا و کەسیش نایزانێ. ئەمجا کەوتە ئێوارێ «عەبە» یان هێنا ژنەی لێ مارە کرد و دە مەجیدیشیان دایە و هاتە دەرەوە هەر ئەو شەوە پەردە دروست کرا، ژنە چووە ژوورەوە پاش بەینێک «عەبە» یش چوو بۆ لای، عەبە دەرپێی و و مەرپێی داکەند و خۆی ساز کرد و چوو بە لای ژنەوە! لە ناکاو ژنەی چارشێو بەسەری کۆنە حەمە، چارشێوی فڕێ دا و بە خۆی و بە حەیتە بۆریەوە پەڕیە کۆڵی عەبە. عەبە بە تەواوی حەپەسا و دەستی کرد بە هاوارکردن بۆ خاتری خوا بمگەنێ ئەمە ژن نییە دەعبایە سوارم بووە! حەمەش بەهێزە و کەڵەپیاوە جوڵەی لێ بڕیوە. دەرگاش لە ژوورەوە داخرا، تا خەڵک فریای کەوتن ئەم بوو بە زاوا وتی: کەرانباوگاو ئاوا حەقت لێ ئەکەمەوە، ئەمجا بە حەمەی ڕاستەقینە و کێری گوواویەوە لە پەردە هاتە دەرەوە و خۆی پیشانی خەڵکەکە ئەدا.