مەلا عومەری چۆمە زەردەڵە گێڕایەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 5 خولەک  845 بینین

مەلا عومەری چۆمە زەردەڵە گێڕایەوە وتی:

مام وەسمانی سبیلەک بۆی گێڕامەوە وتی: گرانییەکەی پێشووە ئەوی پێ بڵێین زادی خودای دەست ناکەوێ بە تەواوی دنیای قات و قڕە. وراتی دزەیی هیچی لێ نییە. هەندێ قرۆش و مەتالیکمان هەیە لە ماڵەوە بە وەزن گران و قەبە، بەڵام بە قیمەت سووکە، بە دایکی مندارانم گۆت لۆم بێنە ئەچم بزانم لەو وراتی کۆیەیە دەستی ئێکێکی پێ نابڕم، بەرکو شتێکی لێ بستێنم ئەم زستانەی پێوە بەرینە سەر. لۆی هێنام پڕ بە دەستە سڕێک ئەبوو زۆز قورس بوو بەرام نرخەکەی هیج نەبوو.

پارەم خستە باخەرم و چووم لۆ وراتی کۆیە. «چیڕ و گۆلک» ێکم پێ کڕی و هەندێکیشم مایەوە خستمە باخەرم. چێر و گۆلکم وەپێش خۆم دا و گەڕامەوە تا کەوتمە ناو دزەییان، گەییشتمە نزیکی گوندی «قازی خان» شەوم بەسەردا هات و دنیاش زستانە، باران وەکوو کۆندەی سەربەرەوژێر دێتە خوارەوە، هێندەش ساردە تف هەردەی بە ئاسماندا ئەیبەستێ، هیشکایبی بێ و لە لەشما نەمایە، دەشتی دزەییش میوان داناکەن، خۆ قازی خانە لە هەموو خراپتر.

چارم نەما ڕووم کردە گوندێ ئەچم لۆ هەر مارێ، بە خۆم و بە چێر و گۆلکەکەوە دەرم دەکەن، هەم خۆم هەم چێر و گۆلکەک وەختە بمرین لە سەرمانا. لە گوندەکەدا مار نەما ئەچم ماری «مەلا» نەبێ. کەس داینەکردم. ئەمجا بە ناچاری بە خۆم و بە چێرەوە ڕووم کردە ماری مەلا. هێندەم زانی مەلاژن دەرپەڕی و دەستێکی گرت بەملای دەرگاکە و دەستێکی بەولاوە.

وتی: کابرا بگەڕێوە جێمان نییە. منیش ئیتر دەرەتانم نەمایە، چێر و گۆلکم بە دار گرت و دامە پێش و گێم بە ژنە نەدا و دەستم کرد بە جنێودان و هەر ئەرێم گوو بە گۆڕی، ئەوا هەر ڕوە و پێشیشەوە ئەڕۆم، وەکوو ئەوەی کە ژنە لەگەر منی نەبێ! وتی: کابرا ئەوە جنێو بە کێ ئەدەی؟ وتم بەو گۆڕ بە گۆڕە کە منی تووشی ئەم حەزیەتە کرد. لای وابوو مەلا لە دنیادا قاتە، تەنها مەلای قازی خانە نەبێ، ژنە تۆزێ شل بۆوە وتی: لۆ، چ بووە؟ وتم: ئەو کابرا لە وراتی کۆیە مردیە ئەم چێر و گۆلکەی کردیە بە ئیسقات لۆ مەلای قازی خانە، لای وەهایە مەلا لە دنیا بڕایە بەم باران و قیامەتە منی تووشی ئەم حەزیەتە کردیە! ژنە کە گوێی لەم قسە بوو وتی: دە بابم تۆ لۆ دەنگ ناکەی؟ بەردەرکەکەی بەردا و وتی: فەرمو، ئاخر تۆ بەزەییت بە خۆتا نایەتەوە ئەم بەستەزمانانەت لۆچ وا تووشی ئەم باران و سەرمایە کردیە؟ خێرا چێر و گۆلکی دایە پێش و کردنیە تەویلەوە، مافورێکیشی لۆ من ڕاخست، ئاگری کردەوە. چوو کەوا و سەڵتەیەکی تری مەلا هەبوو لەگەڵ کراس و دەرپێ، وتی: جڵەکانت بگۆڕە با ئەوانەی خۆت هیشک کەمەوە. لەولاشەوە کا و دەسکاوی هەویر و جۆ ئەبا لۆ چێر و گۆلکەکە، چونکە بە هی خۆیانی ئەزانێ مەلاش لە مار نییە هێشتا لە مزگەوت نەهاتۆتەوە، مەنجەریشی خستە سەر ئاگر لۆ شیوێ.

پاش ئەمانە زۆری پێ نەچوو مەلاش هاتەوە، مەلاژن مەلای تێگەیاند کە ئەو خوالێخۆشبووەکەی کۆیە چێر و گۆلکێکی بە ئیسقات ناردیە لۆمان، مەلا بەم قسەیە بڕوای نەکرد بەرام پیاوێکی ئەرباب و خۆش بوو، ووت مەلا پیاوەتیت ببێ خۆم دامەزراندیە لێم تێک مەدە! مەلا دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: جا بەیانی کۆ ڕزگاری ئەکەی؟ وتم عەسابی بەیانی لەسەر خۆم. بەرام مەلاش لە مەلاژن ئەترسا! مەلاژن لە بەر ئەوە چێر و گۆلکم بە هی خۆیان ئەزانی ئەوا هەر ئەچێ بۆ لایان و ئاو و ئالیکیان لۆ دەبات. ئەو شەوەمان ڕۆژ کردەوە و بەیانی مەلاژن دیسان شێوی لێ نایەوە و شێومان خوارد پاش ئەمە ڕوم کردە مەلاژن وتم مەلاژن ئەتۆ ئەرکت زۆرە با مامۆستا ژنێکی تر بێنێ هەم خزمەتی تۆ ئەکا و هەم خزمەتی مارەکەشی ئەکا! هەر ئەمەم وت مەلا ژن وتی: ئەوە چ دەرێی؟ مەلاش لەولاوە گوتی: بابم واز بێنە من پارەم کوا؟ هەر خێرا دەستم کرد بە باخەرما ئەو قرۆش و مەتالیکەکان کە مابوونەوە و لەبەر ئەوە لە ناو دەستە سڕەکەدا بوون بە چاو زۆری ئەنواند بەرام هەموویت بخستایەتە سەر یەک بایی سی مەجیدی نەدەبوون. دەرمهێنا و فڕێم دایە بەردەستی مەلا وتم: ئەوە پارە! مەلاژن کە ئەمەی دی بە تەواوی شێت بوو، پەلاماری دامێ دەستهسڕە پارەکەی هەڵگرت و خستییەوە باخەڵمەوە، خێرا چوو چێر و گۆلکەکەی دەرکرد و کردنیە دەرەوە، هات وتی: هەستە سەگی سەگباب گوو بە گۆڕی خۆت و ئەو گۆڕەش کە ئەم چێر ۆ گۆلکەی ناردیە لۆ ئێمە، هەستە ئەوە خۆت و ئەوە چێر و گۆلکت، بەو شێخ کەمارە یەک سەحاتی تر لەم مارە دانانیشیت! ئیتر منیش هەستام خوا حافیزیم لە مامۆستا کرد و چێر و گۆلکی خۆمم دایە پێش و هاتمەوە. مەلاش بە دزییەوە پێ دەکەنی.