هەر فەقێ قادری ڕەباتی گێڕایەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  451 بینین

هەر فەقێ قادری ڕەباتی گێڕایەوە وتی:

میرزای تایبەتی «وەسمان پاشا»ی جاف بووم، هەس و نییەسی لە دەست منا بوو. مەحرەمی ماڵ بووم وەکوو یەکێ لە خێزانێ ئەو ماڵە

جوانی خانمی وەسمان پاشا لە هەموو ئەو وڵاتەدا ناوی دەرکردبوو. مێوژە ڕەشکە لە سای گەردنیا دیار بوو، نە بخۆی نە بکەی هەر تەماشای ئەو باڵا نەمامە و گۆنا ئاڵەی بکەی. بەڕاستی خوا یەکێ لەو شیرین نەمامانە کە دروستی کردبوو خانمی وەسمان پاشا بوو. ئەمە لە باری جوانی و نازداریدا، لە باری سالاریشا هەر تەنها مەگەر لە دەست خانمی وەسمان پاشا بهاتایە کە فەرمانڕەوایی و عەشرەتداری هەموو تۆپی جافی بکردایە تا ئەچووە سنە و سولەیمانی و بانە و شاقەڵا.

وتی: چەند ساڵ بوو لە دڵم ببوو بە گرێ کە جارێک من خانمم چاو پێ بکەوتایە لەو کاتەدا کە لە خەو هەڵئەستا. چونکە وا چووبووە دڵمەوە کە ئەو جوانییەی خانم هەیەتی هی داودەرمانە. دەمێک بوو لەو باوەڕەدا بووم. بە شوێن هەلێکا ئەگەڕام. کتوپڕ ڕۆژێک بۆم هەڵکەوت سەر لە بەیانی بوو، هێشتا خانم لە خەو هەڵنەستابوو، بە بیانووی هێنانی قەڵەم و کاغەزێک لەو ژوورەدا کە خانمی لێ نوستبوو چوومە ژوورەکەوە. منیش مەحرەم بووم ئەمتوانی هاتوچۆی کەم.

هەر کە سەرم کرد بە ژوورەکەدا، خانم گۆشەی کولەی سەر تەختەکەی لادا و لە ناو جێگاکەی هەستا و زەردەخەنەیەک گرتی.

بەڵام هەستانێکی وا هەر وەک مانگ لەکەل بێتە دەرەوە ئاوا بوو. بە ڕاستی خانمم لە جۆشی نیوەڕۆ و سەرئێوارەدا چۆن چاو پێکەوتبوو، لەو کاتەشا کە لەو ناو جێگای ئەو بەیانییەدا لە ناکاو هەستا، هەر وا بوو.

تۆزێ لە زەردەخەنەکەی تەریق بوومەوە وتی: فەقێ قادر! ئەزانم بۆ چی هاتوی. وتم: بۆ چی هاتووم خانم؟ وتی: بۆ ئەوە لەم وەختەدا هاتوی کە من ببینی بزانی ئەو جوانییەی کە من هەمە لە وەختەکانی ترا هی داوودەرمانە یا هەر هی خۆمە؟ فەقێ قادر! من داودەرمان ناکەم، خوا هەر دوو بەهرەی جوانی و ماڵی پێ داوم، بە داودەرمان و بە پیسکەیی کفرانی ئەو دوو بەهرەیە ناکەم.

وتم: خانم چۆنت زانی کە من بۆ ئەوە هاتووم؟ وتی: «بەوەدا زانیم هەر کە سەرت کرد بە ژوورەکەدا لە پێشا سەیری منت کرد، ئەمجا چاوت برد بە لای قەڵەم و کاغەزەکەوە».

بە ڕاستی ئیتر ئیمانم بەوەش هێنا کە زەکاو زیرەکی خانمی وەسمان پاشا کردبووی بەو خانمە کە دەستە جڵەوی ئەو هەموو عەشرەتەی گرتبووە دەست.

پاشان وتم: وە ڵڵا خانم ئەوی ڕاستی بێ خانم، ڕاست ئەکەی بۆ ئەوە هاتبووم، خۆ هیچ لۆمەیەکم ناکەی؟ وتی: کوڕم! تۆ کوڕی ئێمەی و ئەگەر ئێمە تۆمان بە کوڕی خۆمان دانەنابێ تۆ وا بەو جۆرە سەربەست نابی لە هەموو ژووروبەری ئەم سەرایەدا.