فەقێ قادر ڕەباتی پیاوێکی پیاوانە و قسە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  428 بینین

«فەقێ قادر ڕەباتی» پیاوێکی پیاوانە و قسەزان و بەدەسەڵات بوو، لە وەختی خۆیا یەکە پیاوی «شێخ مەحموودی» حەفید بوو، وتی: لە هیچ شتێک ناتەواویم نەبوو: لە ماڵ، لە وڵاخی چاک، لە ئەولاد، لەگەڵ شێخ مەحموودا چووین بۆ کەرکووک و میوانی «سەید ئەحمەدی خانەقا» بووین. ئەو سەردەمە پیاو نەبوو لە وڵاتی کەرکووکدا ناوی هەبێ تەنها سەید ئەحمەدی خانەقا نەبێ. تەنها مەعمورەکانی حوکومەت بەیانیان پێش چوونە دایەرەیان و ئێواران لە کاتی گەڕانەوەیانا تا نەچوونایەتە دیوە خانی سەید ئەحمەد و قاوەیان نەخواردیەتەوە نەئەچوونە سەر ئیش و لای ماڵی خۆیان. کە چووین چەند ڕۆژێک لە لای سەید بووین. ڕۆژێک سەید پێی وتم: «فەقێ قادر ئەتەوێ دەوڵەمەندێکی تەواو بێت و بێ ئەقڵ بی، یا ئەتەوێ پیاوێکی ژیر و دانا و لات بێت؟»

منیش ئەوا دیارە لە سامانی دنیا لەسەر هیچ پەکم نەکەوتووە و نایەت بەدڵما کە ئەم سامانەی من هەمە لە دەستم بێتەوە. وتم وەڵا جەنابی سەید ئەوەی دووهەمم ئەوێ. فەرمووی ئەوا بۆم مۆرکردی.

دنیا پەردەیەکی تری بەسەرهات؛ ڕۆژ نەهات ڕۆژێکی تری بەدوادا هات. دەوری مێخ مەحموود نەما. منیش وردەوردە ڕووم کردەکزی. ژن مرد، ماڵم لەدەست بوەوە، وڵاخی کەحێلە هەمووی تیاچوو، ئەولاد دنیای باوکیان بەجێهێشت، هیچم بە دەستەوە نەما؛ هەر مامەوە خۆم و خۆم.

ئەم ماوەیە بیست و دوو ساڵێ پێچوو. لە دوای بیست و دوو ساڵە ڕێم کەوتەوە کەرکووک. لەسەر تیلمە کاغەزێک نووسیم بۆ سەید ئەحمەد: «جەنابی سەید ئەوەی یەکەمم ئەوێ». ئەویش لە پشتیەوە نووسیەوە: «فەقێ قادر تازە مۆرکرا، هەر ئەوەی دووەمە».

سەید ئەحمەد لە پاش بیست و دوو ساڵ تێگەیشت کە وەختی خۆی من چیم وتووە و ئەو چی وتووە!