ئەشرەفاغای ڕەباتی پیاوێکی بەناوبانگ و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  520 بینین

«ئەشرەفاغای ڕەباتی» پیاوێکی بەناوبانگ و دیار بوو. لە سەردەمی تورکەکانا حکومەتی ئەستەمبوڵ ئەکاتە سەر والی مووسڵ کە بیگرن و بە دەستی بەستە بینێرن بۆ ئەستەمبوڵ؛ چونکە ئاوی لە حوکومەتی ئەستەمبوڵ لە وڵاتی سەنگاودا لێڵ کردووە. والی ئەمر ئەکاتە سەر قائمقامی کەرکووک کەبچی بیگرێ.

قائیمقام بەخۆی و دووسەد ئیستر سوارەوە لە ناکاو ئەدا بەسەر «ڕەبات» داو ئەچێتە ماڵی ئەسرەفاغا خۆی لە ماڵ نابێ. دەمی نیوەڕۆ ئەبێ. «شەمسەخانی» کچی کاکل ئاغای فارساغا خێزانی ئەشرەفاغا ئەبێ. نانی نیوەڕۆ ئەنێرێتە دیوەخان. دووسەد سینی، هەر سینییەک بریانییەکی لەسەرە. لە ماوەیەکی زوودا ئەم نانە بەم جۆرە حازر ئەبێ.

چنان ئەخورێ. پاشان قامئمقام سەرێک ئەخاتە بەر خۆی و ئەڵێ: «سوار، سواربن، زۆر حەیفە خانەدانی وا کە ژنی وای تێدا هەبێ کوێر بێتەوە. من بۆ گرتنی ئەشرەفاغا هاتبووم، بەڵام شاژنی شەمسەخان نەیهێشت کە ئەم خانەدانە کوێر بێتەوە». ئیتر لێ ئەدا ئەڕوا وڵامی والی ئەداتەوە کە هەر شتێک لە وڵاتی سەنگاو ڕویدا لە ئەستۆی من بێ.