لە فێڵی دەرۆزە ساڵی ١٩٢٩ بوو ڕێم کەوتە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  412 بینین

لە فێڵی دەرۆزە:

ساڵی ١٩٢٩ بوو ڕێم کەوتە شاری «بانە»، دنیا پاش عەسر و دەمەدەمی ئێوارە بوو. لە گۆڕەپانی زیندەوەرەکانا خەڵکێکی زۆر ڕاوەستابوون بە دەورە، زۆری خەڵکەکە سەرنجی ڕاکێشام چووم. کە چووم سەیر ئەکەم لە ناوەڕاستی خەڵەکەدا دەروێشێکی کەلهوڕ چارۆکەیەکی سپی ڕاخستووە، سندوقێکی بە ئەندازەی هەزار پێشەیەکی لە تەنیشتەوە داناوە خۆیشی ڕاوەستاو.، سەری سندووقەکە دادراوەتە، دەست بۆ سندووقەکە ڕائەکیشێ و بە زمانێکی پاراو کە گری نایەتە بەری ئەڵێ: «خەڵکینە! ئەزانن ئەم سنووقە چی تێدایە؟ ئەم سندووقە ئەژدەهایەکی تێدایە شاخی دەرکردووە، تووکی بەسەر زەویدا ئەکشێ، چاوەکانی بریسکەیان دێ، لەشی لە هەزار ڕەنگ ئەدرەوشێتەوە، گوڵێکی پێرویی لە ئاسمان شینتر، گوڵێکی سەوزە لە قەرسیلی بەهار سەوزتر، گوڵێکی سوورە لە گوڵەباخی پادشاهان سوورتر، گوڵێکی زەردە لە کارەبای یەمانی زەردتر. ئەوی نەیبینێ لە دنیادا هیچی نەدیوە. ئەوی بیبینێ هەموو دنیای دیوە. ناوبانگی ئەم مارە کە ئەژدەهایە گەیشتۆتە چین و ژاپۆن، گەیشتۆتە وڵاتی ئەڵمان و فرەنگستان. پارە داخەنە سەر ئەم چارۆکەیە، چاوتان بکەوێ بەم موجزەیە».

کابراش هەر زیاد ئەکا و دەقیقە بە دەقیقە تامەزرۆی ئەوەن کە چاویان پێبکەوێ، وەکوو بارانی بەهار پارەئەبارێ بەسەر چارۆکەدا ئەویش هەر جارە بە قسەکانی زیاتر هانی خەڵکەکە ئەدا بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. جارجاریش سەیرێکی پارەی ناو چارۆکە ئەکا ئەڵێ هێشتا ماویە بگا بە قیمەتی چاو پێکەوتی ئەو ئەژدەهایە. ئەو عالەمەش هەر وەختە ڕۆحیان دەرچی. هەتا دێت هەر خەڵکی تریشیان پێوە ئەنووسی؛ چونلە لە ماوەی ئەو سەعاتەدا لە هەموو شارەکەدا دەنگی دایەوە کە شتێکی وا هاتووە، بەرەبەرە ئەهاتن بۆ چاوپێکەوتنی.

کابراوی دەروێش ئەمجا کەوتی ژماردنی پارە و ئەیوت: ئەوەندە تمەن، وە یا ئەوەندە قەرانی ماوە بگا بەو ئەندازەیە کە من ئەیڵێم. خەڵکەکەش ئەوەندە بە تاسە بوون هی وا هەبوو دوو جار و سێ جارە پارەی فڕێئەدا بۆ ئەوە لەو تامەزرۆیە ڕزگاری ببێ و چاوی بە ئەژدەها بکەوێ. قسەکانی کابراش ئەوەندە کاریگەر و مێشکی خەڵکەکەی بەجۆرێ شڵەژاند بوو یەکێ نەبوو بیر لەوە بکاتەوە کە ئەژدەهایەکی وا چۆن لەو سنووقێکی وا بچووکا جێگای ئەبێتەوە.

کابرا بەمجۆرە قسانە هەر هانی خەڵکی ئەدا هەتا دنیا بوو بە پاش نوێژی شیوان و تۆزێ تاریکایی داهات. خەڵکەکەش ئەوەندە وەڕەز بوون هی وابوو ئەجوڵا بۆ ئەوە بچێ پەلاماری بدا بەڵام هیتر دەستی ئەگرت.

کابرا کە زانی بەتەواوی دەستی خۆی وەشاند و دنیا تاریک بوو، وە لەوانەشە ئەگەر زیاتر بکێشێ لێدان ئەخوا، هێنای چارۆکەکەی کۆکردەوە. توورەکەیەی دەرکرد هەموو پارەکەی ڕژاندە ناویەوە، لوولیدا وخستیە باخەڵیەوە، چارۆکەکەی بەست بەسەریا. هەر دوو چاکی لێ بەلادا کرد، سندووقەکەی هێنایە پێشەوە. دەستی کرد بە «یاهوو، مانهەو، پیری هەمەدان و سوڵتان ئێسحاق، شای مەولاناوا و شاسواری مایدەشت، کڵاو زیڕینی کرماشان و تاجداری خۆراسان، گومەزی پەندەهارو مەزارگای بوخارا، هوو مەدەد یا عەلی!»

ئەمانەی وت و دەستی برد سەری سندووقی لادا توولە سوجە مارێکی دەرکرد و گرتی بەدەستییەوە. خەڵکەکە کە ئەمەیان دی، هی خوێن گەرمیان تیا هەبوو پەلاماریان دا، هی تریش هەبوو ئەیوت وازی لێ بێنن ئەم باوەحیزە. کابراش سندووقەکەی خێرا دایە بن هەنگڵی و توولە مارەکەی گرت بە دەستیەوە، پێیەکی هەبوو چواری تری بۆ قەرز کرد، دڕنی دا بە خەڵکەکە. دنیاش بە تەواوی تاریک بوو، بۆی دەرچوو و خۆی دەرباز کرد و کەس نەیزانی بۆ کوێ چوو.