تامووراغا هەبوو پیاوێکی دەوڵەمەندی بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  452 بینین

«تامووراغا» هەبوو پیاوێکی دەوڵەمەندی بە دەستەڵات و خاوەنی مەڕ و شوانکارە بوو. لە هەولێر دائەنیشت، تووشی نەخۆشیەکی گران بووبوو، گەلی وڵاتان گەڕابوو دکتۆرەکان هەر ئەوەیان بۆ دەرکەوتبوو کە ئەمە ڕیخۆڵەی پێچی خواردووە. لە بەر ئەوەش کە عومری سەرکەوتووە تاقەتی ئەوەی نەماوەی کە عەمەلیات بکرێ. دوکتۆری مووسڵ و بەغدا و شام هەر لە سەر ئەمە بوون بەڵکو هی لەندەنیش لەبەر ئەمە تاموراغا ڕۆژبە ڕۆژ هەر لە کوتی ئەداو هەر بەرە و پیری مردن ئەچوو، ئیتر دەستیان لێشت و چاوەڕێی ئەوەیان ئەکرد ها ئێستە، ها سەعاتێکی تر بمرێ.

ئەم لەم حاڵەتەدا بوو، شوانکارەی هەبوو، ڕۆژێک یەکێ لەو شوانکارانە (کە ناوی مستۆ بوو) هاتبوو ڕۆنی هێنابوو. سەیری کرد ماڵی تامووراغا لە شین و شەپۆردان. ئەپرسێ ئەمە چییە؟ ئەڵێن: تامووراغا لە حاڵی خۆیایەتی و هەموو دوکتۆرەکان وتوویانە ڕیخۆڵەی پێچی خواردووە و لە بەر عومر گەورەییشی ناتوانن دەستی لێ دەن. ئەڵێ: ئا بمبەن حەز ئەکەم منیش چاوم پێ بکەوێ. ئەیبەن ئەویش سەیری ئەکا لە پاش ئەوە دەست ئەنێ بە سکی تەموراغادا. ئەڵێ: بەڵێ ڕاستە ڕیخۆڵەی پێچی خواردووە، بەڵام من ئێستا چاکی ئەکەمەوە، بە مەرجێک هەرر شتێک ئەڵێم بۆم بێنن و قسەش نەکەن. ئەڵێن: باشە. ئەڵێ: سێ هەڵماتی شووشە و قوتوویەک ڕۆنی زەیتم بۆ بێنن، هەر ئێستەش گونکێکی هەویر لە سەر ساج بکەن بە کولێرەیەکی گەرم و بۆم حازر کەن. هەڵماتەکان و قوتووە ڕۆن زەیتەکەی بۆ دێنن. تامووراغاش هیچ هێزی تیا نەماوە و تەنانەت قسەشی نەماوە.

کابرا دەمی تامووراغا ئەکاتەوە، یەکە یەکە هەڵماتەکان ئەخاتە گەڕووی، بە پەنجە ئەیخاتە خوارەوە. ڕۆن زەیتەکەی ئەکا بە شوێنیا. کەسوکاری تامووراغا ئەیانەوێ دەستی بگرن، ئەڵێن: ئەو لەو حاڵەدایە تۆ بە تەواوی خنکاندنت. ئەڵێ: من نەموت نابێ قسە بکەن. هەندێکی تر لە کەسوکارەکەی ئەڵێن: خۆ ئەو مردووە، واز لەم پیاوە شوانە بێنن ئەگەر چاک بووەوە ئەوا چاک بووەتەوە؛ ئەگینا خۆ ئەو هەر مردووە.

کابرای شوانە هەر کە هەڵمات و ڕۆن زەیتەکە ئاوا لێ ئەکا، ئەڵێ: خێرا کولێرە گەرمەکەشم بۆ بێنن. کولێرەی لە سەر ساج بۆ لائەبەن و بۆی دێنن. کولێرەی گەرمی سوور ئەنێتە سەر سکی تامووراغا و بەسەرسکیا ئەیگێڕ؛ ئەوەندەی ئەگێڕێ تا کولێرە وردە وردە سارد ئەبێتەوە. ئەویش هەر بەدەست دەستی پیا دێنێ، سەیر ئەکەن تامووراغا چاو ئەکاتەوە زۆری پێ ناچی کەمە کەمە زمانی گۆ ئەکا و ئەڵێ: بمبەنە سەر ئاودەست. کوڕ و خزم و کەسوکار لە خۆشیا وەختە پەڕ دەرکەن. هەڵیئەگرن و ئەیبەنە سەر ئاودەست. شوانەکەش لە گەڵی ئەچێ. تامووراغا دائەنیشێ و پاش هەڵسانی شوانەکە لەناو پیساییەکەی هەڵماتەکان هەڵئەگرێتەوە، وا خزمەکانیشێ هەموو چاویان لێیە، تامووراغا ئەمجا بەپێی خۆی ئەگەڕێتەوە بۆ سەر جێگای خۆی.

لە پاش تۆزێ داوای نان ئەکا ئەڵێ: برسیمە. شوان ئەڵێ: شۆربایەکی تەڕی بۆبکەن، شپربای ئەدەنێ ئەیخوا، دیسان داوا ئەکاتەوە، شوانە ئەڵێ شۆربای بدەنێ. لەو ماوەیەدا جارێکیکەش ئەچێتە سەر ئاودەست. شوانە دوو ڕۆژ لەوێ ئەمێنێتەوە تا تامووراغا بە تەواوی ئەکەوێتە خواردن و ئەڵێ: هەموو شتێکی ئیتر بدەنێ. لە ڕاستیدا تامووراغا بەتەواوی ساغ ئەبێتەوە و هیچ عەلەمی تیا نامێنێ.

ئەمجا لە کابرای شوانە ئەپرسن ئەمە چییەو تۆ چۆی تێ ئەگەی؟ ئەڵێ: من وای ئەزانم ئەمە ڕیخۆڵەی پێچی خواردووە ئەبێ شتێکی سافی قوورس هەبێ بەو شوێنەدا و بەناو ڕیخۆڵەکەدا بڕواو بۆ ئەوە پاڵ بە شوێنە پێچ خواردووەکە بنێ، ئەو شتەش بە عەقڵی من هەر هەڵماتی شووشەبێ؛ چونکە هەر ئەو ساق و قوورسە. ڕۆن زەیتەکەش بۆ ئەوەیە لەگەڵ هەڵماتەکەدا بڕواو ناو ڕیخۆڵەکە لووستر بکا و ڕێگا بکاتەوە بۆ ڕۆیشتنی هەڵماتەکە. کولێرە گەرمەکەش بۆ ئەوەیە کە گەرمایی بگا بە ڕۆن زەیتەکە نەوەستی؛ چونکە ڕۆن زەیت بە گەرمایی زیاتر ئەکەوێتە جووڵە. ئە، امە ژەر ئەلە ئیشی خۆیان کرد، هەتا لەولاوە ئەوە بوو هەڵماتەکان دەرچوونەوە پێچی ڕیخۆڵەکە ڕاست بووەوە هاتە سەر دۆخی خۆی.

تامووراگا ئەوا چاک بووەوە ئەمجا ڕووی کردە مستۆی شوانکارە وتی: هەرچی خێر و بێری ئەمساڵی ئەو مێگەلە لە مەڕەی من هەیە سا هەزار سەرە یا کەمترە هەموو بۆتۆ، جگە لەمە خەڵاتێکی تریان کرد و گەڕایەوە بۆ لای مەڕ و مێگەلی خۆی.