شێخ مارفی سەلمە خان کە بە شێخ مارفی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  484 بینین

شێخ مارفی سەلمە خان کە بە شێخ مارفی «قازانقایە» بەناوبانگ بوو، پیاوێکی هەتا بڵێیت نان بدە و دڵ فراوان بوو. جۆری ڕابواردنی ژیانی لە شاهانە ئەچوو. یەکێ لە جۆری ژیانەکەی ئەوە بوو زۆر حەزی لە ڕاوە بەراز ئەکرد. لە بەر ئەوە بە دایمی سی چل سەگی بە چەشەی ڕاوی هەبوو، کە لە بەر خزمەتکردنی ئەم سەگانە چەند ماڵی بە خێزانەوە بەخێو ئەکرد. ڕۆژێک لەگەڵ دەستەیەک لە خزمەکانی و لە خزمەتکارەکانی ئەچێ بۆ ڕاو، ڕوو ئەکەنە ئەو بناری «تەنگیسەر» ە، لە ناو پەرچە مەرەزەیەکا «مالۆس» ێک هەڵئەستێنن، لە لایەکەوە تفەنگچی و لە لایەکەوە گەلە سەگ دەورەی مالۆس ئەدەن.

لە ناو مەرەزەکەدا دارێکی بچکۆلەی تێدا ئەبێ، «گۆخڵ» ەکە لەبن دارەکەدا ئەبێ، مالۆس ڕوو ئەکاتە دارەکە. کابرا گۆخڵ لە ترسا بە دارەکەدا هەڵئەزنێ و بە هەر جۆر بێ خۆی پێوە ڕاگیر ئەکا. دارەکەش ئەوەندە بێ تینە لەوانەیە کابرا، کە ببزوێتەوە دارەکە بشکێت. بۆ نەگبەتی ئەو ئەو ماڵۆسەش دێت لە بن دارەکەدا ماتە ئەکا.

کە مالۆس ئەچێتە ئەوێ، شێخ مارف لەولاوە بانگ ئەکا ئەڵێ: «هۆ کابرا بە مەرقەدی شێخ سمایلی والیانی بکۆکی، وەیا ببزویتەوە تفەنگێکت پێوە ئەنێم و ئەتکۆژم، هیچ مەکە تا چارێکی ئەم مالۆسە ئەکەین».

کابرا بە جارێ هەناوی دائەکەوێ: ئەگەر ئەبزوێتەوە لەولاوە بە تفەنگ ئەیکوژن، ئەگەر نابزوێتەوە لەملاوە بەرازەکە سەیری ئەم ئەکا و ئەیەوێ بە شفرەدارەکە لە بن بێنێ.

بە هەر جۆر بوو بەراز لە بن دارەکە ئەڕەتێنن و لە دواییدا ئەیکوژن. ئەمجا شێخ مارف کابرا بانگ ئەکا و لێی ئەپرسێ ڕاستم پێ بڵێ، بەڵام ڕاست، هیچ درۆ مەکە. بە مەرقەدی شێخ سمایلی ولیانی ئەگەر ڕاست قسە بکەی چیت بوێ ئەتدەمێ، لەو وەختەی کە من بەو جۆرە بانگم کردی چیت وت؟ ئەویش ئەڵێ: «وەڵڵا یا شێخ ئەوی ڕاستی بێ، وتم خوایە تۆ من خستە بەینی دوو بەرازەوە: ئەگەر ئەبزومەوە ئەو بەرازە ئەمکوژ؛ ئەگەر نابزوومەوە ئەم بەرازە ئەمخوا، جا خوایە کەیفی خۆتە ئێستە تۆیش ئەمکوژی نامکوژی کەیفی خۆتە؟» ئەڵێ: شێخ مارف قاقا دەست ئەکا بە پێکەنین. جارێ هەر لەو شوێنەدا چی لەبەرا ئەبێ بە کەوا و سەڵتە و پاڵتۆ و چەفتە و پشتێنەوە بۆی دائەکەنێ و ئەیداتێ. کە ئەچێتەوە بۆ ماڵەوە دوسەد قەران تریشی خەڵات ئەکا.