کارەساتی دەوران زۆر سەیرە بۆیە قسە قسە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  506 بینین

کارەساتی دەوران زۆر سەیرە. بۆیە قسە، قسەی لێ ئەبێتەوە.

«خلە پەزە»ی هەمەوەن پیاوێکی دیار و بەدیمەنی هەموو وڵاتک بوو؛ لەو سەردەمەدا لە «مەیدان» و «هۆرێن شێخان» دائەنیشت. دنیای تەماع بەینی ئەو و حەمەی پاشای جافی تێکدابوو.

ڕوژێک خلەپەزە لە بەینی کوڕە کوڕەی هەمەوەنا دائەنیشێ و ئەڵێ: ئەبێ ئەو حەمە پاشای جافە بگرم و بیهێنم سەری ببڕم، ئەو سەر و کەلەیە بە ڕیشە زلەکەیەوە هەڵواسم بە ژێر سکی ماینەکەما.

ئەم قسەیەی خلەپەزە هەوار ئەپەڕێ تا ئەگاتە کوێستانی «بس» و «مەولاناوا» لە وڵاتی بانە کە شوێن هەواری حەمە پاشا ئەبێ قسەکە ئەگاتەوە بە حەمە پاشا، حەمە پاشاش ئەڵێ: هەر وەها ئادەی جاف بە چوارسەد سواری جافەوە ئاوزەنگی تەقێن، هەواری ئەو ساڵەی مەلاناوا لە خۆی حەرام ئەکا و دێت بۆ وڵاتی «مەیدان». لەبەر بەیانی شەوێکی تاریکا ئەدا بەسەر بەری خلە پەزەدا، چارەنووس لە چارەی خلە پەزەی ناوداری هەمەوەندی نووسیبوو کە بکەوێتە دەست حەمە پاشای جاف.

حەمە پاشا ئەیگرێ و سەری ئەبڕێ. جاری لەشەکەی دێنێ هەڵیئەدڕێ و پڕی ئەکا لە باروت و پێکیەوە ئەنوسێنێتەوە و ئاگری پێوە ئەنێ، بارووت ئەتەقێتەوە هەر پڕزۆڵە گۆشتێکی ئەبا بە لایەکدا. سەرەکەشی دێنێ هەڵیئاوسێ بە ژێر سکی ئەسپەکەیا و بەو جۆرە بەرودوا ئەگەڕێتەوە بۆ هەوارگەی کوێستانی مەولاناوا و ئەڵێ: خلەپەزە ئاوا سەری من هەڵاوەسی بە ژێر سکی ماینەکەتا؟