هەتا ساڵی ١٩٤٨ هەندێ ئیشوکار هەبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  509 بینین

هەتا ساڵی ١٩٤٨ هەندێ ئیشوکار هەبوو، ئەمانە هەر تایبەتی بوون بە جوولەکەوە، وەکوو خومخانەگەری، زێڕنگەری، موسوڵمانەکان نەئەبووا ئەم جۆرە ئیشانەیان بکردایە؛ چونکە زۆر زۆر شورەیی بوو. لە وڵاتی ئەردەڵانا تەنانەت بازرگانی، واتە چیت و کوتاڵ فرۆشتن، پارە گۆڕیەوە،(واتە سەڕافی) هەر ئەبووا جوولەکە بیکردایە - دوکتۆری و حەکیمی بۆ مووسڵمانەکان عەیب بوو. بۆ ئاغاوات و بەگزادەی دەرەوە شارەکان (فەرمانبەری - مۆزەف) ئەگەر بیانکردایە حەیایان لە هەموو عالەما ئەچوو.

لە گوندەکانا ماڵە جوولەکە هەبوو. ئەم جوولەکانە ئیشی گرانی لادێیان نەئەکرد. چەند پریاسکەیەکی داوودەرمان و دەرزی و دەزوو خەنە و وسمە (کە هەمووی باری کەرێک نەئەبوو) سەرمایەی ژیانیان بوو، لە ئاغا و مسکێنی گوندەکە باشتر و پوختەتر ڕایان ئەبوارد.