ڕابعە خان هەبوو لە سولەیمانی ماڵیان لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  507 بینین

ڕابعە خان هەبوو لە سولەیمانی، ماڵیان لە گەڕەکی ئەسحابەسپی بوو. نانەوا بوو لە بازاڕ، کە ئەڵێم نانەوا بوو نەوەک وەکوو ئەو ژنانە کە لە ماڵانا نانەواییان ئەکرد، بەڵکوو نانەوا بوو وەکوو پیاوان، نانەوا خانەکەی لە خوار دوکانەکەی مەلا عەلی سەحاف و بە تەنیشت دوکانەکەی حەمە شازەمانەوە بوو لە بازاڕی ماست فرۆشەکان.

کولێرە بازاڕی ئەو سەردەمە هەر دوو کولێرەی بە سێ پول بوو، ئەگەر یەکێ کولێرەیەکی بوویستایە بە دوو پول بوو.

ئەم ڕابعە خانە (کە بە ڕابعەی سنەیی بە ناو بانگ بوو) شێرە ژنێک بوو لە ژنانی سولەیمانی، بەیانی لە ماڵ دەرئەچوو کراس و کەوایەکی ژنانەی درێژی لەبەرا بوو. لەسەر کراسەکەوە پشتێنی هەبوو، مشکییەکی ئەکرد بە چارۆکە و ئەیدا بە ناو شانیا، سەر و پێچێکی ژنانەی سولەیمانیانەی ئەبەستەوە، جگەرەیەکی قامیشی ئەنا بە لا لێویەوە و بەو جۆرە ئەچوو بۆ دووکان، کە ئەچوو دۆشەکێکی بچووکیان بۆ دانابوو، هەویر کەر و نانەوا هەموو شتێیان حازر کردووە، ئەوانەش هەموو پیاو بوون، ئەم ئیشی خۆی هەر ئەوە بوو پارەی وەر ئەگرت. بەم جۆرە تا ئێوارە ئەمایەوە، پاش عەسر کە نان تەواو ئەبوو، دائەنیشت لەگەڵ پیاوە بەردەسەکانا حسابی ئەکرد و باری بەیانی پێی ئەکەوتن و ئەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە. معامەلەی هەبوو لە گەڵ ئەهلی دەرەوەدا؛ گەنمی لێ ئەکڕین و ئەیکردە عەمارەوە. ئەو پیاو و نانەوا بەردەستانە بڵێم نازانم وەکوو چی لێی ئەترسان؛ هەموویشی بە ڕۆژانە ڕایگرتبوون.

لە گەڕانەکانیا عەبا و شتی وای بەسەرەوە نەبوو، مەبەست لەمە ئەوەیە ژنێکی وا سەربەستی بەبێ عەبا و پەچە لە ناو شاری سولەیمانیدا و ئیشی پیاو بکا ئەمە نەبوو. تازە کچانی قوتابخانە پەیدا ببوون ئەوانیش ئەبووایە بە پەچە و عەباوە بوونایە. ژنێک ئیشی پیاوان بکا ئەمە هەر نەبوو.